نیسان 03, 2019 11:26 Asia/Tehran
  • ئەلحوسی: عەرەب واز لە کڕنوش بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسراییل بێنێ

بەڕێوەبەری گشتیی بزووتنەوەی ئەنسارووڵلای یەمەن شەوی رابردوو بە ڕەخنە لە بەیاننامەی ئەمدواییەی کۆمکاری عەرەب، داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد خۆ ببوێرن لە کڕنوش کردن بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەبدولمەلیک حوسی" بە ئاماژە بەوەی کە "سامانی وڵاتانی عەرەبی  ئێستا کەوتۆتە دەستی دوژمنان" وشداری دا لە حاند "تەسلیم بوون بەرامەبر بە دوژمن و سەردانواندن لە هەمبەر ئەواندا" و وتی: لە کاتێکدا کە ژمارێک لە ئەندامانی کۆمکاری عەرەب هەنگاوگەلێکی بەکردەوەیان هەڵگرتووە بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی، کۆمکاری عەرەب کاردانەوە بەو مەسەلەی بە تەنیا دەرکردنی بەیاننامەیەکی نەرم و نیان بەرتەسک کردەوە.

ئەلحوسی راشکاوانە ڕایگەیاند:  عەرەبستان ئەمڕۆکە بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسراییل ، سامان و دارایی خۆی خستۆتە بەردەستی ئەمریکا و ئیماراتیش جگە لە داکۆکی لە تەکفیرییەکان ، پشتیوانیش دەکات لە گرووپەکانی پارێزەری قازانج و بەرژەوەندییەکانی واشینگتۆن و تێلاڤیڤ.

ڕەخنەی بەڕێوەبەری گشتیی بزووتنەوەی ئەنسارووڵلای یەمەن لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی خۆیاندا لە تونس هەموو کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە مەڕ بە رەسمییەت ناسینی دەسەڵاتدارێتیی ئیسراییل  بە سەر جەولانی داگیرکراوی سووریا ، بەرتەسک کردەوە بە تەنیا ئیدانە کردنی ئەو کردەوەیە و بەس.

دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٢٥ی مارسی ٢٠١٩ لە بڕیارێکی دژ بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بە بنپێ کردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، فەرمانێکی واژۆ کرد کە بە پێی ئەوە دەسەڵاتدارێتیی ئیسراییل بە سەر بەرزاییەکانی جەولانی داگیرکراوی بە ڕەسمییەت ناسی.

ئەو کردەوەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە.

بەرزاییەکانی جەولانی داگیرکراو بەشێک لە پارێزگای قونەیترەی سووریایە کە ڕژیمی زایۆنی ساڵی ١٩٦٧ و لە شەڕی شەش ڕۆژەدا دەستی بە سەردا گرت و ساڵی ١٩٨٢ ـیش وەکوو بەشێک لە خاکی خۆی پێناسەی کرد.

 

سەرپەیڤ