نیسان 24, 2019 09:04 Asia/Tehran
  • سزادرانی ٣٧ شارومەندی عەرەبستانی لە لایەن دەستەڵاتدارانی سەعودییەوە

وەزارەتی نێوخۆی عەرەبستانی سەعودی باسی ڕاپەڕێندرانی بڕیاری لەسێدارەدانی ٣٧ شارومەندی ئەم وڵاتەی کردووە بە تۆمەتی خۆیان وتەنی ھەوڵدان بۆ کردەوەی تیرۆریستی.

وەزارەتی نێوخۆی عەرەبستانی سەعودی ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە ئەم ٣٧ شارومەندەی عەرەبستان بە تۆمەتی پێکھێنانی شانەی نووستووی تیرۆریستی، تێکدانی ئاسایشتی گشتی و ئاژاوەنانەوەی ئەتنیکی و شێواندنی ڕێکمەندی لە وڵات و زەبروەشاندن لە ئاشتی و ئۆقرەیی کۆمەڵایەتی سزا دراون.

جێگای ئاماژەیە کە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکان لە شارەکانی ڕیازی پایتەخت و مەدینە و قەسیم و عەسیر و ناوچەی شەرقییە بووە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزهەبن.

بە قسەی وەزارەتی نێوخۆیی سعودیە ، ژمارەیەک لەو تاوانبارکراوانە  تۆمەتی هێرشکردنە سەر بارەگا ئەمنییەکان و کوشتنی ئەندامانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیان دراوەتە پاڵ، یاخود هاوکاریی هێزی نەیار و دوژمنیان کردووە لە دژی سعودیە. وەک باسیشی کردووە تەواوی ئەوانەی سزا دراون شارومەندی عەرەبستانی بوونە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە  بڵاو کراونەتەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بڕیاری کوشتن بەسەر ١٢٠ کەس لە عەرەبستاندا جێبەجێ کراوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ١٠٠ کەس سزای کوشتنیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

ڕژێمی ئالی سەعود ھەموو ساڵێک کۆمەڵێکی زۆر لە نەیارانی خۆی بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و بە بیانووی خەباتی دژی تیرۆریزم بە قورسی سزا دەدات.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ھەتا ئێستا بە دەرکردنی چەندین بەیاننامە داوای لە ڕژێمی سەعودی کردووە کە لە بارەی ڕەوشتی مافی مرۆڤ لە عەرەبستاندا ڕوونکردنەوە بدات.

سەرپەیڤ