فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن فڕۆکەخانەی "نەجران"ی عەرەبستانیان بۆردومان کرد
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن پەلامارێکی بەربڵاویان کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی "نەجران"ی عەرەبستان.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم؛ "یەحیا سەریع" رایگەیاند: فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی "قاصف k2" ی سوپای یەمەن ، بنکەی فڕۆکە جەنگییەکان و ئامانجە سەربازییە گرینگ و هەستیارەکانی فڕۆکەخانەی "نەجران"ی عەرەبستانیان بۆردومان کردووە.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە ئەو پەلامارەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆتە هۆی ڕاگیردرانی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی "نەجران"، راشکاوانە رایگەیاند: هەرتا ئەو کاتەی کە پەلامارەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکار بۆ سەر یەمەن هەر بەردەوام بێ، مافی وەڵامدانەوە بەو دەسدرێژییانە بۆ یەمەنییەکان هەر پارێزراو دەبێ.
سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەر لە بەیانی پێنجشەممەیش لە وەڵام بە دەسدرێژییەکانی هاوپەیمانی سەعوودی، بە مووشەکی کروزی خۆجێی لە مۆدیلی "قدس ١" فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی " ئەبها''ـیان لە پارێزگای عەسیری عەرەبستان دابوویە بەر پەلامار.
فڕۆکەخانەکانی "جیزان" و "ابها" و "نجران" و هەروەها بنکەی ئاسمانیی "مەلیک خالید" لە باشووری عەرەبستان لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام لە لایەن یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و یەکەی مووشەکیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەنەوە وەبەر پەلامار کەوتوون.
ئەم سێ فڕۆکەخانەیە و هەروەها بنکەی ئاسمانیی "مەلیک خالید" شوێنی سووتەمەنی تێکران و پشتیوانی کردنی ئەو فڕۆکە جەنگییانەن کە لە پەلامارەکانی هاوپەیمانی سەعوودی بۆ سەر یەمەن بەکار دەهێندرێن.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.