سوپای یەمەن مۆڵگەیەکی سەربازیی لە باشووری عەرەبستان دایەبەر موشەکێکی باڵستیک
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i374140-سوپای_یەمەن_مۆڵگەیەکی_سەربازیی_لە_باشووری_عەرەبستان_دایەبەر_موشەکێکی_باڵستیک
وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن ئەمڕۆی ھەینی باسی ھاوێژرانی موشەکێکی باڵستیک بەرەو مۆڵگەیەکی سەربازیی لە « بێئەر عەسکەر»ی نەجرانی عەرەبستان کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 27, 2019 14:49 Asia/Tehran
  • سوپای یەمەن مۆڵگەیەکی سەربازیی لە باشووری عەرەبستان دایەبەر موشەکێکی باڵستیک

وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی یەمەن ئەمڕۆی ھەینی باسی ھاوێژرانی موشەکێکی باڵستیک بەرەو مۆڵگەیەکی سەربازیی لە « بێئەر عەسکەر»ی نەجرانی عەرەبستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا) بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ئەلعەھدی لوبنان، سەرتیپ «یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزە چەکدارەکان و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن کە لە لایەن ئەنسارۆڵڵاوە داکۆکیی لێ دەکرێت، ڕایگەیاند:یەکەی موشەکیی سوپاموشەکێکی باڵستیکی لەچەشنی«بەدر 1_p»ی ناوە بە سەربازگەی لەشکری نۆزدەھەمی عەرەبستان لە « بێئەر عەسکەر» ھەڵکەوتوو لە باشووری ئەم وڵاتەوە.

سەرتیپ «یەحیا سەریع» ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: ئەم موشەکە بە تەفەڕنجەوە ئامانجەکەی خۆی پێکاوەو دەیان کوژراوو برینداری لە نێو لەشکریانی عەرەبستانی لەوانە ئەفسەرانی ئەم وڵاتە لێ کەوتووەتەوە.

بە قسەی وتەبێژی ھێزە چەکدارەکان و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ، ئەم ھەڵمەتە لە چوارچێوەی تۆڵەسەندنەوەی یاسایی و ئاسایی دڕندەکارییەکانی لەشکریانی سەعودی ئەنجامی گرتووە کە دوا نمونەی لە بازاڕی «ڕەقو»ی سەر بە پارێزگای سەعدە ئەنجامی گرتووە.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلاماری موشەکە باڵستیکەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. ئاستی توانایی و ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنیشی لەگەڵ کەم بوونی خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە.