تۆقانی نەتانیاهوو لە وەڵامی خۆراگری
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i374748-تۆقانی_نەتانیاهوو_لە_وەڵامی_خۆراگری
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بە پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی لەمەڕ داکۆکی لە تیرۆر کرانی چالاکانی بەرەی خۆڕاگری لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: ئیسراییل بە هیچ لەونێ دەستی نەبووە لەو پەلامارەی ئەمریکا کردوویەتییە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 07, 2020 07:11 Asia/Tehran
  • تۆقانی نەتانیاهوو لە وەڵامی خۆراگری

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بە پاشەکشە لە هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی لەمەڕ داکۆکی لە تیرۆر کرانی چالاکانی بەرەی خۆڕاگری لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: ئیسراییل بە هیچ لەونێ دەستی نەبووە لەو پەلامارەی ئەمریکا کردوویەتییە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "بنیامین  نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی ئێوارەی دووشەممە لە کۆبوونەوەی کابینەی سیاسی ئاسایشیی ئەو ڕژێمەدا وتی؛ کوژرانی سەردار سولەیمانی لە ئێراق کردەوەیەک بوو لە لایەن  ئەمریکاوە و بە هیچ لەونێ ئیسراییل دەستی لەو تێرۆرەدا نەبووە و نابێ تێکەڵ بەو مەسەلەیە بکرێ.

ئەو کردەوەی نەتانیاهوو دەکرێ بە پاشەکشە لە هەڵوێستی پێشووی پاش پێداگریی ئێران و بەرەی خۆڕاگری سەبارەت بە تۆڵەی گورچکبڕ لە هۆکارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە ناو ببەین، لەبەر ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی پاش تیرۆری سەردار ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی خێرا خۆشحاڵی دەربڕی و ئەو جەنایەتەی لە ئەمریکاییەکان پیرۆزبایی کردبوو.

ناوبراو هەروەها رایگەیاندبوو : ئیسراییل لە پشتی ئەمریکا وەستاوە و داکۆکی دەکات لە بڕیارو  کردەوەکانی.

سەرداری ژەنەراڵ "قاسم سولەیمانی" فەرماندەری هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی (سێهەمی ژانڤییە) بە بانگهێشتی فەرمی کاربەدەستانی ئێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو هاوڕێ لەگەڵ "ئەبوومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ٨ کەسی دیکە لە پەلاماری ئاسمانیی هێزەکانی دەسدرێژکار و تیرۆریستیی  ئەمریکایی لە نزیکی فڕۆکەخانەی بەغدای پێتەختی ئێراق شەهید بوو.

  ژمارێک لە ژێدەرەکان باس لە هاوکاریی ڕێکخراوە هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ڕژێمی زایۆنی لەگەڵ ئەمریکا بۆ جێبەجێ کرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەن.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە یەکەم وتاردانی پاش ئەو جەنایەتەی شەوی هەینی رابردوو پێی داگرت کە خۆی فەرمانی تیرۆری سەردار سولەیمانی دەرکردووە.

ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ئەمریکا بەرەوڕووی کاردانەوەی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بوویەوە و هەواڵ و راپۆرتەکانی هاوپێوەند بەو  تیرۆرە ئێستایش هەر لە سەرووی هەواڵ و راپۆرتەکانی هەموو مێدیا نێودەوڵەتییەکانە.