ئیدانەکرانی پەردەھەڵگرتن لە سەر پیلانی زایونی_ئەمریکیی «سەودای سەدە»
گەلێک لە وڵاتان و کەسایەتییە سیاسییەکان شەوی چوارشەممە پەردەھەڵگرتن لە سەر پیلانی زایونی_ئەمریکیی «سەودای سەدە»یان ئیدانە کرد.
«داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سەشەممە لە هەنگاوێکی یەک لایەنەو بەبێ سەرنجدان بە شکست هێنانی هەوڵەکانی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو لە ئاراستەی هاوتەریب کردنی جیهان و ناوچەکە و بەدەست هێنانی ڕەزامەندیی لایەنە فەلەستینییەکان، پەردەی لە سەر گەڵاڵەی زایونیستیی «سەودای سەدە» هەڵماڵی.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، «سامی ئەبوزەھری» ئەندامی باڵای بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس» شەوی چوارشەممە وتەکانی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای لەمەڕ پیلانی ناسراو بە سەودای سەدە بە پوچەڵ و بێ بایەخ نرخاندو وتیشی: قودس وەک سەرزەوینی فەلەستینییەکان دەمێنێتەوە.
سەیید عەممار حەکیم ڕابەری ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانیی عێراقیش دوابەدوای ڕاگەیەندرانی سەودای سەدە لە لایەن کۆشکی سپییەوە پێی داگرت: ئەم گەڵاڵەیە پیلانێکی پڕمەترسییە دژی سەقام و ئاشتیی جیھانی.
حەکیم بە بڵاوکردنەوەی توییتێک داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشت، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەب کرد کە بۆ شەرمەزار کردنی پیلانی سەودای سەدە ھەڵوێستێکی مێژوویی بگرنە بەر.
«حەسەن کەریم ئەلکەعبی» ساریدەری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لە ئامادە بوون و بەشداریی باڵوێزانی وڵاتانی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، عوممان و بەحرەین لە ئاھەنگی ڕاگەیەندران و پەردە ھەڵگرتن لە سەر «سەودای» ئەمریکی_ئیسرائیلیی «سەدە» لە کۆشکی سپی دا، داوای لە تەواوی سەرکردەکانی عەرەب و موسڵمانان، کۆمکاری عەرەب و ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی کرد ھەتا ھەڵوێستێکی پتەوو یەکدەست لە ھەمبەر ئەم سەودایەدا ڕەچاو بکەن.
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدری عێراقیش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکەی داناڵدترەمپ و بۆ شەرمەزار کردنی «سەودای سەدە»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێی داگرت: قودسی پیرۆز ھی تەواوی ئایینە ئیلاھییەکانەو فەلەستینیش سەرزەوینی بیرئارادانە.
«ئەیمەن سەفدی» وەزیری دەرەوەی ئەردەنیش شەوی چوارشەممە لە کاردانەوەیەک دات بەرامبەر بە گەڵاڵەی بەناو ئاشتیی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناسراو بە «سەودای سەدە» وتی: ئەمان ئاشتییەکی ڕاستەقینەو دادگەرانەی دەوێ لە سەر بنەمای بڕیارنامە نێونەتەوەییەکان کە داگری کۆتایی ھاتن بە داگیرکاری و پارێزرانی مافی جەماوەری فەلەستین بێت.
«موحەممەد عەبدوسسەلام» وتەبێژی ئەنساروڵڵای یەمەنیش لە کاردانەوەیەک دا بەرامیەر بە ڕاگەیەندرانی بڕگەکانی گەڵاڵەکەی ترەمپ ناسراو بە «سەودای سەدە» ، ئەو ھەنگاوەی بە دەست درێژکارییەکی ئاشکرا زانی بۆ سەر فەلەستین و ئوممەتی ئیسلامی.
«موحەممەد عەبدوسسەلام» وتەبێژی ئەنساروڵڵای یەمەن لە توییتێک دا نووسیویەتی: سەوداکەی ترەمپ دەست درێژکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر فەلەستین و ئوممەتی ئیسلامی کە خەرجەکەی لە لایەن عەرەبستانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانەوەو لە ئاراستەی پەرە پێ دان بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل و بنەبڕ کردنی پرسی فەلەستین دابین کراوە. داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سەشەممە لە هەنگاوێکی یەک لایەنەو بەبێ سەرنجدان بە شکست هێنانی هەوڵەکانی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو لە ئاراستەی هاوتەریب کردنی جیهان و ناوچەکە و بەدەست هێنانی ڕەزامەندیی لایەنە فەلەستینییەکان، پەردەی لە سەر گەڵاڵەی زایونیستیی «سەودای سەدە» هەڵماڵی. «سەودای سەدە» گەڵاڵەیەکە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کە بەنیازی لەنێو بردنی مافی جەماوەری فەلەستینە. ئەم گەڵاڵەیە بە هاریکاری و ڕەزامەندیی بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی لەوانە عەرەبستان، بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان ئامادە کراوە.
موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش شەوی چوارشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە پەردە هەڵگیران لە سەر پیلانی زایونیستی _ئەمریکیی «سەودای سەدە» لە توییتێڕدا ئەم بەناو ئاسۆی ئاشتییەی بە پرۆژەیەکی خەیاڵیی بازرگانێکی هەڵشکاو نرخاند و وتی: بە هیواین کە ئەم گەڵاڵەیەی «سەودای سەدە» ژامێکی ڕاچەڵەکێنەر بێت بۆ تەواوی ئەو موسڵمانانەی کە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن.
وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیشی کرد کە: ئەم گەڵاڵەیە بۆ ناوچەکەو جیهان مۆتەکەیە.
بە پێی گەڵاڵەی ئەمریکیی «سەودای سەدە» قودسی پیرۆز ڕادەستی ڕژێمی زایونی دەکرێت، ئاوارە فەلەستینییەکان لە وڵاتانی دیکە مافی گەڕانەوەیان نابێت و فەلەستین تەنیا داگری سەرزەوییە بەجێماوەکانی کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و ناوچەی غەززە دەبێت.
لە چوارچێوەی گەڵاڵەی «سەودای سەدە»دا داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسامبەری 2017 شاری داگیرکراوی قودسی وەک پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل ناساندو باسی بڕیاری خۆی کرد بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودس کە سەرەنجام ئەم بڕیارەش لە ڕۆژی دووشەممە 14ی مای 2018 جێبەجێ کرا.
قودس لە ساڵی 1967ەوە لە لایەن ڕژێمی زایونییەوە داگیر کراوە.