پێوەندیی تەلەفوونیی ترەمپ و ئەردوغان سەبارەت بە سووریا و لیبی
"ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "دۆناڵد ترەمپ"ی هاوتای ئەمریکایی ، لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا، لیبی و پێوەندیی بازرگانی نێوان دوو وڵات وتووێژیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ دوو لایەن جەختیان کرد لە سەر پێویستیی راگیردرانی خێرای قەیرانی "ئیدلیب". هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکی دیکەدا هەڕەشەی کردووە بیتوو هێزەکانی سوپای سووریا هەتا کۆتایی ئەم مانگەی زایینی لە ئیدلیب نەچنە دەرەوە تورکیا دێتە مەیدانەوە. ئەردوغان لە لێدوانەکەیدا وتی: تا ئەو کاتەی کە هێزەکانی سووریا لە ئیدلیب پاشەکشە نەکەن ، قەیران لەم شارە چارەسەر نابێ و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە پێکهاتنی سیاسەتی وڵاتەکەماندا کاریگەرە."
سەرۆک کۆماری تورکیا لە درێژەدا وتیشی: بێتوو هێزەکانی سوپای سووریا ئیدلیب بەجێ نەهێڵن هەتا کۆتایی ئەم مانگەی زایینی دژ بەو هێزانە شەڕ دەکەین." ئەردوغان وتیشی: دیتنەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانی ئیدلیب تەواو پێویستە و دەبێ حکومەتی سووریا ناچار بکەین لەو سنوورانەی لە پەیمانی سووچی ڕێککەوتنیان لە سەر کراوە پاشەکشە بکاتەوە و ئەگەر ئەم مەسەلەیە هەتا کۆتایی ئەم مانگە بە ئەنجامێک نەگات ئێمە بە دەستی خۆمان چارەسەری دەکەین.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا بۆ ئازاد کردنی پارێزگای ئیدلیب ، کێشە و ناکۆکیی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە لایەکەوە و لە نیوان دەوڵەتی ئانکارا و دیمەشق لە لایەکی دیکەوە تەواو پەرە سەندووە.