شکست هێنانی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی لە سنووری عەرەبستان و یەمەندا
هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی بۆ پێشڕەوی کردن بەرەو بنکە و مەتەرێزەکانیان لە سنووری عەرەبستان و یەمەنیان تێکشکاند.
کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن شەوی سێشەممە ڕایگەیاند؛ هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن، توانیویانە هێزەکانی هاوپەیمانی سەعوودی لە چیاکانی "تۆپڵەق" هەڵکەوتوو لە سنووری باکووری یەمەن لە پارێزگای سەعدە و ناوچەی "جەیزان"ی باشووری عەرەبستان تێکشکێنن.
لە هەڵمەتی بەرگریکارانەی یەمەنەییەکاندا، دەیان بەکرێگیراوی سەعودی کوژراو و بریندار بوون و هەژمارێکیشیان بەدیلی گیران.
سەرلەشکەر "محەممەد ناسر عاتفی" وەزیری بەرەڤانیی یەمەن ئەمدواییە جەختی کردبوو دەرکەکانی جەهەنەم لە سەر دەسدرێژکاران کردۆتەوە.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە دەسدرێژی سەربازی کردنە سەر یەمەن ئەم وڵاتەی لە زەوین، دەریا و ئاسمانەوە گەمارۆ داوە. شەڕنانەوەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی زیاتر لە شازدە هەزار یەمەنی، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان شاروومەندی بێ دەرەتانی ئەم وڵاتە.
دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و نەداری یەمەنی تووشی کەمبوونی یەکجار نالەباری خۆراک و دەرمان کردووە.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دارەدەست و دەسنیایە.