لێکدانەوە : ئیدلێب گۆڕەپانی شەڕی نوێی نێوان تورکیاو ڕوسیا
https://kurdish.sahartv.ir/news/ڕۆژهەڵاتی_ناڤین-i377483-لێکدانەوە_ئیدلێب_گۆڕەپانی_شەڕی_نوێی_نێوان_تورکیاو_ڕوسیا
لەئاکامی پەلاماری فڕۆکەکانی سووریاو ڕوسیا بۆسەر بنکەی ڕەشەکوژەکان لە ئیدلیبی سووریا ٣٤ جەنگاوەری تورکیا کوژران.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 28, 2020 14:08 Asia/Tehran
  • لێکدانەوە : ئیدلێب گۆڕەپانی شەڕی نوێی نێوان تورکیاو ڕوسیا

لەئاکامی پەلاماری فڕۆکەکانی سووریاو ڕوسیا بۆسەر بنکەی ڕەشەکوژەکان لە ئیدلیبی سووریا ٣٤ جەنگاوەری تورکیا کوژران.

ئەرتەشی سووریا لە کۆتایی یەکانی مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠٢٠ "ە وە دەستی دایە خولێکی نوێێ هێرش بۆسەر ڕەشەکوژەکانی جێگیر لە پارێزگەکانی ئیدلیب و حەلەبی وڵاتەکەی، لەمیانەی ئەو پەلامارانەدا حەلەب بەتەواوی ڕزگار کراو فڕین لە فڕۆکەخانەی حەلەبەوە دەستی پێ کردەوە ، بەمجۆرە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا ڕزگاری حەلەبی لەچنگ ڕەشەکوژەکان بە فەرمی ڕاگەیاندو خەڵکی ئەو دەڤەرەش بەوبۆنەوە کردیانە شایی و گۆڤەند، ئۆپەڕاسیۆنی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە پارێزگەی ئیدلیبیش سەرکەوتنی زۆر گرینگی لێ کەوتەوە، بەچەشنێک کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە گەیشتە نزیکی شاری ئیدلیبی ناوەندی ئەو پارێزگەیەو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوش دا باشووری ئەو پارێزگەیە بەتەواوەتی لەچنگ داگیرکارانی ڕەشەکوژ ڕزگار کرا.

تورکیا کە هەر لەسەرەتای قەیرانەکەی سووریاوە ناکۆکی هەبوە لەگەڵ دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەدو تەنانەت پێوشوێنی ڕوخانی ئەو دەوڵەتەشی دەگرت بەئاراستەی وەدیهێنانی ئەو ئامانجە هاوڕێ لەگەڵ ئەمریکاو چەند وڵاتی عەرەبی و زلهێزی ئوروپایی بۆ گەیشتن بەئامانجەکەی تووشی ناکامی هات ،هەربۆیە توورە بوو لە سەرکەوتنەکانی ئەرتەشەکەی سووریا لە پارێزگەی ئیدلیب وئەوە بوو کە دواجار بە پاڵپشتی ڕێکخراوە ڕەشەکوژەکانی نزیک لەخۆی بەدژی دەوڵەتی سووریا هاتە مەیدانی شەڕەوە.

لەو بوارەدا ئانکارا بانگەشەی ئەوە دەکا کە گۆیا بە پەرەپێدانی ئەو شەڕانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی نزیک بە دوو ملوێن کەسی ئەو دەڤەرە وەک پەناخوازی شەڕلێدراو ڕوو دەکەنە سنووری وڵاتەکەی و بەمجوورە توورکیا تووشی قەیران دەکەن، هاوکات سووریاش ئەو بانگەشەیەی تورکیا بەرپەرچ دەداتەوەو ڕادەگەیەنێ کە لەمیانەی شەڕەکەی ئیدلیب دا هیچ زیانێک ناگاتە خەڵکی سڤیل و هەرتەنیا ئەو ڕەشەکوژانە دەکرێنە ئامانج کە هەر لە سنوورەکانی تورکیاوە چوونە نێو خاکی وڵاتەکەی.

پارێزگەی ئیدلیب هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای سووریا یەکێک لە ستراتیژی ترین دەڤەرەکانی ئەو وڵاتەیە کە ڕێکخراوە ڕەشەکوژیەکانی وەک بزاڤی تەحریرشام بەشێکی بەربڵاویان لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا داگیر کردوە، بەپێی ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٨ی سووچی وا بڕیار درا تاکوو بەدرێژایی هێڵێ دیاریکراو لەنێوان چەکدارە دژبەرە سووریایەکان و ئەرتەشی ئەو وڵاتە جێگیر لە ئیدلیب بە قوڵایی ١٥ تا ٢٠ کیلۆمیتر سنووری خەڵکی سڤیل پێک بێ و لەلایەن یەکە گەشتیەکانی گەشتی ناجێگیری ئەرتەشی تورکیاو پۆلیسی سەربازی ڕوسیاوە کۆنتڕۆڵ بکرێ.

سەرەڕای ئەوەش لەپاش سەرکەوتنی سەر گۆڕەپانی ئەرتەشی سووریا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕەشەکوژەکان توانیان دیسانەوە چەند ناوچەیەکی ڕزگارکراو بگرنەوە، ڕوسیاش ئەو پەلامارەی ڕەشەکوژەکانی بۆسەر بنکەو بارەگای ئەرتەشی سووریاو کردەوەی دوژمنکارانە بەدژی ناوەندی وڵاتەکەی لە ئیدلیبی بەسەرچاوەگرتوو لە بێ وەفایی تورکیا لەهەمبەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕەشەکوژانەی جێگیر لەو دەڤەرەو ڕیککەوتننامەکەی سووچی  لێکدەداتەوە.

نیشانەیەکی پاڵپشتی تورکیا لە ڕەشەکوژەکانیش کوژرانی ٣٤ چەکداری تورکیا لەمیانەی هێرشی فڕۆکەشەرکەرەکانی سووریاو ڕوسیایە بۆسەر بنکەی ڕەشەکوژەکانی جێگیر لەو دەڤەرەیە، هەر بەو ئاراستەیەش دا وەزیری بەرگری ڕوسیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەمیانەی ڕاگەیەندراوێک دا ڕایگەیاند کە چەکدارە کوژراوەکانی تورکیا لەنێو ڕەشەکوژەکان دا بوون.

وا پێدەچی کە ڕەوتی گۆڕانکاریی و ڕوداوەکانی باژێڕی ئیدلیب و قەیرانە ٩ ساڵیەکەی ، سووریا پەلکیشی فازێکی نوێ کردوە کە نەک هەر بۆتە هۆی بوارڕەخسان بۆ شەڕی نێوان سووریاو تورکیا بەڵکوو دیسانەوە پەیوەندی نێوان ڕوسیاو تورکیا بەرەو بارگرژی دەبا.

بەو هەموەشەوە سەرەڕای ئەوەی کە قەیرانەکەی باژێڕی ئیدلیب بواری بۆ ئەو بارگرژیە نوێ یە ڕەخساندوە بەڵام هەر ئەو بارگرژیەش ئەوە دەسەلمێنی کە بوونی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی ئاستانەش هەر نەبوە هۆی دابەزینی ئاستی ناکۆکی و بارگرژیەکانی نێوان ڕوسیاو تورکیا.