ئەردۆغان دواکارتی خۆی لەمەڕ گۆڕانکاریەکانی سووریا ئاشکرا کرد
دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان کە زۆر لەمێژەوە بەرلە لە قۆناغی تەشەنای قەیرانی سووریاو بەتایبەت لە سەردەمانی لەگوشارنانی زیاتری کەسانی چەکدارو ڕەشەکوژی بەکرێگیراوی، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئوروپایی کردبوو ڕێگای چوونی بەملوێنان ئاوارەی سووریایی بەرەو ئوروپا دەکاتەوە ، لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا ئەو هەڕەشەیەی بەکردەوە جێ بەجێ کرد.
لەڕۆژانی ڕابردووداو پاش تەشەنای هێرشەکانی سوپای سوریا بۆسەر ئیدلەب و پێداگریی حکومەتی ئەو وڵاتە لەسەر کۆنترۆڵ کردنەوەی هەموو ناوچەکان و قەتیسمانی ترۆریستان لەو شوێنەی سوریادا، زەخت وگوشار لەسەر تورکیای زیاد کردووەو زۆرجار هێزە سەربازیەکانی تورکیاو سوریای بەگژیەکدا داوەو لەدوا پێکدادانی نێوان سوریاو تورکیا ٣٣ سەربازی تورکیا کوژراون. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا رووسیا گوشاری سەر تورکیا لە سوریا، زیاد دەکا. ئێستا، کە کەسانی چەکداری سەربە تورکیا لەسوریا بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوونن، ئەو گرووپانەو حکومەتی تورکیاو ئەردۆغان تەنگیان پێ هەڵچندراوە. سەرەڕای هەڕەشەوگوڕەشەی ئاشکرای ئەردۆغان، سوپای سوریا درێژە دەدا بە هێرشەکانی و ڕووسیاو ڤلادیمیر پوتینیش لێبراوانە راوەستاون لەهەمبەر هەڵوێستی داگیرکارانەی تورکیا لەخاکی سوریادا. ئێستا ئەردۆغان زیاتر لەهەرکاتێکی دیکە هەست بەشکست دەکاو لەوبارودۆخەدا دواکارتی خۆی لەسوریا خستووەتەڕوو. بەئیشارەت و فەرمانی ڕاستەوخۆی حکومەتی تورکیا ئێستا هەزاران ئاوارەی سوری لەناوچە جیاجیاکانی تورکیا بە پاس و ئۆتۆمبیلی حکومەتی ئانکارا، خۆیان دەگەیێننە سنورەکانی تورکیاو یونان و بولگاریا هەتا بە پاڵپشتیی و ڕێنوێنیەکانی حکومەتی تورکیا خۆ بگەیێنە ئوروپا.
ئەردۆغان هیوای زۆری هەیە کە شاڵاوی ئاوارە سوریەکان بۆ ئوروپا، سەرۆکانی ئوروپایی ناچار بکا لە هەڵوێستەکانی لەسوریا، پاڵپشتی بکەن. بەڵام واپێ دەچێ ئوروپا لەبیری چووبێتەوە، ئەو شاڵاوەی کۆچبەران هەتا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی سیاسەتە هەڵەکانی ناوبراو لە سوریایە کە لەساڵی٢٠١١و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی قەیرانی سوریا لەگەڵ سیاسەتە هەڵە، نامەنتقی و داگیرکەرانەکانی و داکۆکییە ئاشکراکانی لە گرووپە چەکدارەکان و ترۆریستان لەسوریادا، ئەو شاڵاوەی ئاوارەی دروست کردووە. لەوانەیە ئەردۆغان و سەرۆکانی دیکەی حکومەتی تورکیا هیوایەتیان بووە لەو شەپۆلەی ئاوارەکان لەبارودۆخێکی وەک قەیرانی ئێستا، بەقازانجی خۆیان کەڵک وەربگرن هەڵبەت پێ ناچێ ئوروپییەکان کە ئەمڕۆکە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئوروپادا نیگەرانن بەئاسانی گوێ بدەنە هەڕەشەکانی ئەردۆغان و لەو هەڕەشەو گوڕەشانە بترسن کە سەرەنجام ئەو ئاوارانە خۆیان دەگەیێننە یونان و لە کەمپ و ئۆردوگاکانی شارە لێواریەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ جێگیر دەبن یان بەشێک لەوانیش لەڕێی نایاساییەوە هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیێننە ئوروپا کە لەو حاڵەتەشدا بەشێکی بەرچاویان لەو ڕێگا نایاساییانە یان لە دەریاکان نوقم دەبن یان لەسەرمای ئەو ڕۆژانە گیانیان لەدەست دەدەن و سەرەنجام ئەو ڕەوشەش وەک پەڵەیەکی رەش لەکارنامەی حکومەتی تورکیاو ئاکامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی ئەو وڵاتە لەهەمبەر وڵاتی سوریادا دەبێ.