موحەممەد عەبدوسسەلام: یەمەن وەڵامی ھێرشی دەست درێژکاران دەداتەوە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن جەختی کرد: سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی ئەم وڵاتە وەڵامی ھێرشی دەست درێژکاران دەدەنەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلمەیادین، موحەممەد عەبدوسسەلام سەرۆکی شاندی دانوستانکاری دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: ھاوپەیمانیی سەعودی لەم دواییەدا زیاتر لە ھەشتا ھێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر یەمەن.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: ئەگەر ھاوپەیمانیی سەعودی خوازیاری ڕاگیرانی ھەڵمەتی سوپای یەمەنە، دە با دەست درێژکارییەکانی دژی یەمەن بوەستێنێت و کۆتایی بە گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە بھێنێ.
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن پێشی داگرت: ھەڵوێستی لایەنگرانەی وڵاتانی دەست درێژکار ڕێگر نابێت لە بەردەم وڵامدانەوەی یەمەن بە ھێرشی دەست درێژکاران.
سەرتیپ «یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزەچەکدارەکانی یەمەنیش ڕۆژی ڕابردوو باسی گەورەترین ھێرشی فڕۆکەبێ فڕۆکەوانەکان و ھەروەھا ھەڵمەتی موشەکیانەی سەر دامەزراوەکانی سەعودی لە قوڵایی خاکی عەرەبستانی کرد لە تۆڵەی بەردەوام کرانی ھێرش و کرداری دوژمنکارانەی سەعودییەکان دژی وڵاتەکەی.
شەڕی ھاوپەیمانیی سەعودی دژی یەمەن لە ٢٥ی مارسی ٢٠٢٠ چووەنێو شەشەمین ساڵی خۆیەوە.