ئه‌یلوول 13, 2022 10:02 Asia/Tehran
  • ئەنجومەنی ئاسایشت: قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییە

ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی خۆجێیی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پێی داگرت: قەیرانی یەمەن ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لەم بەیاننامەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوایان لە لایەنە ناکۆکەکان لە یەمەن کردووە کە لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا دانوستانەکانیان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربڕێکی هەمەلایەنە کە دەتوانێت ببێتە ئاگربڕێکی هەمیشەیی، بەردەوام کەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشت بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئاگربڕی ھەمەلایەنە دەتوانێت دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ بەدیهاتنی چارەسەرێکی سیاسی تۆکمەوتەواو بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتن، داوایان لە لایەنەکانی یەمەن کرد کە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک درێژە بە دانوستانەکانی دوو قۆڵی بدەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وێڕای هۆشداریدان لە بارەی مەترسییەکانی قەیرانی مرۆڤی لە یەمەن و بەردەوامیی ھەڕەشەی برسێتی و قات و قڕی، وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشت داوای دابینکردنی بودجەیان کردووە بۆ پلانی مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەوانە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف، گەلێک جار هۆشدارییان داوە کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی دەستدرێژکاران بۆ سەر یەمەن، خەڵکی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی وەھا قات و قڕی و کارەساتێکی مرۆڤی بوونەتەوە کە تەنانەت لە سەدەی ڕابردووش دا نمونەی نەبووە.

سەرپەیڤ