حەماس ستایشی رۆڵی ئەرێنیی حیزبوڵڵاو سپای پاسدارانی کردووە لە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق
جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین «حەماس»، ستایشی ڕۆڵی ئەرێنیی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی کردووە لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ سووریادا.
شاندگەلێکی سەربە گروپە فەلەستینیەکان لەوان حەماس و جیهادی ئیسلامی دوای چەندین ساڵ ڕۆژی چوارشەممە بەرەو سوریا بەڕێکەوتن و لەگەڵ «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلمەیادین، «خەلیل ئەلحیە»، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی فەلەستین«حەماس» وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە، حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هاوپەیمانی بزوتنەوەی حەماسن، وتووشیەتی: ئێمە لەگەڵ هەموو ئەوانەی وا پشتگیری لە نەتەوەی فەلەستین دەکەن، لە پەیوەندی داین.
«ئەلحیە» وتیشی: ئەو هەنگاوەی کە بە ئامادەبوونی «بەشار ئەسەد» هەڵگیراوە بە هەنگاوی دیکە لە ئاراستەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی پڕۆژەی بەرخۆدان تەواو دەبێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم کۆبوونەوەیە دوای دانوستانێکی داخراوی نێوان بزوتنەوەی حەماس و سەرکردەکانی سوریا بە نێوەندگریی حیزبوڵڵای لوبنان بەڕێوەچوو.
«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان پێشتر لە لێدوانێکدا باسی ھۆگریی خۆی کردبوو بۆ چارەسەربوونی کێشە لە پەیوەندییەکانی نێوان حەماس و سووریاو وتبووی: سووریا ڕوانگەیەکی دۆستانەی بەرامبەر بە حەماس ھەیەو رەوتی ئەو پەیوەندییانە ئەرێنین.