شەرمەزارکرانی هێرشی وەزیرە توندڕەوە ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەب هێرشی وەزیری کابینەی نوێی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسای شەرمەزار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا ڕۆژی سێشەممە، «ئەحمەد ئەبولغەیت» ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی «ئیتامار بن گوێر» وەزیری نوێی ئاسایشی ناوخۆی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا، ڕایگەیاند کە وەھا ھەنگاوێکی ھەڵخڕێنەرانە سوکایەتی کران بەم مزگەوتە و هێرشکردنە سەر یەکەم قیبلەی موسڵمانانە.
«ئیتامار بن گوێر»، وەزیری نوێی ئاسایشی ناوخۆی ڕژێمی زایۆنی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممەو لە حەوتەی یەکەمی دەستبەکار بوونیدا، لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە زایۆنییەکان، لە ھەنگاوێکی ورووژێنەردا هێرشیان کردە سەر مزگەوتی ئەقسا.
هاوکات کەناڵی ١٢ی ڕژێمی زایۆنیش ڕایگەیاندووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و میسر لە پەیامێکدا هۆشدارییان داوەتە «بنیامین ناتانیاهۆ» کە ئەگەر بێتو ئەو ھەنگاوانەی «بن گوێر» بەردەوام بن ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە و ئیدی هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ڕێگری لە کاردانەوەی حەماس بکات.
هەرلەم پێوەندییەدا «حسێن ئەلشێخ» سکرتێری لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخراوی ڕزگاریدەری فەلەستین، هەڕەشەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ڕژێمی زایۆنی لەمەڕ هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسای بە لێدوانێکی ڕوون و بێشەرمانە ناوبردووەو وتویەتی کە ئەم کارە پێویستی بە وەڵامێکی ڕوونی فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکە هەیە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحارانۆت"یش کە لە ناوچە داگیرکراوەکان دەردەچێت، ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەی حەماس حکومەتی میسری ئاگادار کردووەتەوە کە لە بەرامبەر قسەکانی بن گوێردا بێدەنگ دانانیشێت.