ناتانیاهۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانی: دەبێ چاکسازییە دادوەرییەکان ڕابگرین
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی کابینەی ئەم ڕژیمە بڕیاری خۆی بۆ ڕاگرتنی پلانی گۆڕینی دادوەری ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، دوابەدوای چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، «بنیامین ناتانیاهۆ» سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایونی ڕۆژی دووشەممە لە کۆتایی کۆبوونەوەی بەپەلە لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی کابینەکەی ڕایگەیاند: دەبێ پڕۆسەی پەسەندکردنی چاکسازییە دادوەرییەکان لە کنێست (پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنی) ڕابگیردرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ لەسەر ئەم بابەتە هاوڕا نین. لە کاتێکدا کە «بێزالیل سمۆتریچ» وەزیری دارایی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەند بوونی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئەو پلانە ڕاگەیاندووە، «ئیتمار بن گوێر» وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەم ڕژێمە بە توندی لەگەڵی دا نییەو هەڕەشەی ڕووخانی هاوپەیمانیی دەستەڵاتی کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مارس بوو کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی «یوئاف گالانت» وەزیری شەڕی ئەم ڕژیمەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. دوابەدوای بڕیارەکەی نەتانیاهۆ بۆ لە سەرکارلابردنی وەزیری جەنگ، سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە کردووە کە کونسوڵی گشتیی ڕژیمی زایونی لە نیویۆرکیش دەستی لەکار کێشاوەتەوە.