ئامۆژگاریی ناتانیاهۆ بۆ وەزیرەکانی کابینەی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە بایدن
«بنیامین ناتانیاهۆ» سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، ئامۆژگاریی وەزیرەکانی کابینەکەی کرد کە خۆیان لە قەرەی لێدوان لەسەر قسەکانی «جۆ بایدن» سەرۆک کۆماری ئەمریکا نەدەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، دوابەدوای پەرەسەندنی ناکۆکیی سەرزارەکیی نێوان دەسەڵاتدارانی زایۆنی و «جۆ بایدن» نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ڕژیمی داگیرکەری قودس ڕایگەیاند: «بنیامین ناتانیاهۆ» ئامۆژگاریی وەزیرانی کابینەکەی کردووە کە خۆیان لە لێدوان لە بارەی قسەکانی بایدن بپارێزن.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ناتانیاهۆ لە وتارێکدا بانگەشەی کرد کە: هیچ شتێک ناتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دابنێت و هاوپەیمانیی نێوان هەردوولا ھێندەش لەرزۆک نییە.
ئەم قسانەی بنیامین ناتانیاهۆ لە کاتێکدا وروژێنراون کە بۆخۆی ماوەیەک لەمەوپێش لە وەڵامی لێدوانەکانی بایدن وتی: ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و خاوەنی مافی سەروەرییە و بڕیارەکانی لەسەر بنەمای فشاری دەرەکی ھەڵناچنێت.
ئەمەو لەلایەکی دیکەوە، «ئیتمار بن گوێر» وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەم ڕژێمەش، سەبارەت بەم بابەتە وتویەتی؛ بایدن و ئیدارەکەی با بزانن ئیسرائیل سەربەخۆیە وئەستێرەیەکی سەر ئاڵاکەی ئەمریکا نییە.
جێگای ئاماژەیە، بڕیاری کابینەی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی دادوەریی ڕژێمی زایۆنی لە چەند حەوتەی ڕابردوودا بووەتە هۆی گرژی و ناکۆکیی سیاسی لە نێوان هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار و فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی کابینەی ئەم ڕژیمەو خۆپیشاندانی بەربڵاوی زۆریشی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا لێ کەوتووەتەوە.