لیبرمان: بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان شکست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل دێنێ.
وەزیری شەڕی پێشووی ڕژێمی زایۆنی وێڕای ڕەخنە گرتن لە سیاسەت و کردەوەکانی «بنیامین ناتانیاهۆ» سەرۆک وەزیران و کابینەکەی ، پێی داگرت: ڕێککەوتنی ئێران و عەرەبستان شکستێکی گەورەیە بۆ ئیسرائیل و سیاسەتی دەرەوەی ئەم ڕژێمە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی تەسنیم ، «ئاڤیگدۆر لیبرمان» وەزیری شەڕی پێشووی ڕژێمی زایۆنی، وتی: ناتانیاهۆ بەسەر دۆخەکەدا زاڵ نییە و ئێمە شایەتی دەرەنجامێکی خراپین، بۆ نموونە یەکێک لە خراپترین دەرەنجامەکانی سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانە، کە ئەمەش شکستە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل کە بە ناوی ناتانیاهۆوە تۆمارکراوەو دیارە دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لەم بارەیەوە قبوڵ کات و دەست لەکاربکێشێتەوە.
لیبرمان وتیشی: ناتانیاهۆ ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات و شایستەی ئەوە نییە پۆستی سەرۆک وەزیران بگرێت و لە هیچ شتێکی ئەولەویەتەکانی کارەکەی تێناگات؛ وەک چۆن لەم دواییانەدا لە زمانی «سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان و ئێران و غەززە بیستومانە.
لە کاتێکدا کە ماوەیەک بەسەر ڕێککەوتنی ئێران و عەرەبستان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان تێپەڕیوە، ڕووماڵی ئەم ڕێککەوتنە لە میدیا زایۆنییەکاندا بەردەوامە و بە گورزێک لە جەستەی ئیسرائیل وەسفی دەکەن.