نیسان 07, 2023 16:29 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ڕیازو سەنعا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست

سەرچاوە ئاگادارەکانی یەمەن باسی ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ڕیاز و سەنعایان کردووە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەم وڵاتەو ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتایی ھاتنی شەڕی یەمەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئەلمەیادین ، سەرچاوە ئاگادارەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە باڵوێزی عەرەبستان لە یەمەن ڕاوێژی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن  کردووە سەبارەت بەو ڕێککەوتنە نائاشکرایانەی لەگەڵ سەنعا کراوە.

به پێی ئەم ڕاپۆرته ، عەرەبستان له بەرامبەر کرانەوەی «بەندەری حودەیدە» به تەمای درێژ کردنەوەی ئاگربڕی یەمەنە بۆ ماوەی ساڵێکی تر .

ئەم سەرچاوانە ڕایانگەیاند کە دوای درێژکرانەوەی ئاگربڕ بە مەرجە نوێیەکەی، عەرەبستان بە فەرمی کۆتایی هاتنی شەڕی یەمەن و ڕاگرتنی دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتە ڕادەگەیەنێت.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتایی هاتنی شەڕی یەمەن، دانوستانەکانی نێوماڵی یەمەن بەئاگاداریی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ژێر چاودێریی عەرەبستاندا بەڕێوە دەچێت.

ئەم دانوستانانە بە ئامانجی ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی گواستنەوە بۆ ماوەی ٢ ساڵ و سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی لە یەمەن ئەنجام دەدرێن.

سەرپەیڤ