سەرۆک وەزیرانی لیبیا وەلا نرا
ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا لە «تەبرەق» لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، سەرۆک وەزیرانی لیبیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی جەزیرە، "عەبدوڵڵا بیلحەق"،وتەبێژی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا لە تەبرەق، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری لەسەر کارلابردنی «فەتحی باشاغا» سەرۆکوەزیرانی لیبیا بکات، ڕایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی «باشاغا» و ڕەوانە کردنی بۆ لای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە داو «ئوسامە حەماد» وەزیری دارایی وێڕای ڕاپەڕاندنی چالاکییەکانی خۆی، بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی سەرۆک وەزیرانیش ڕاسپێردرا.
ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا لە تەبرەق لە 10ی شوباتی 2022، سەرەڕای پێمل نەبوونی «عەبدولحەمید ئەلدەبیبە» سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتە بۆ دەست لەکارکێشانەوە، بە کۆی دەنگ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دانانی «فەتحی باشاغا» وەزیری پێشووی ناوخۆ، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی لیبیا.
لیبیا بەهۆی بوونی دوو حکومەتی هاوتەریب کە لەلایەن پەرلەمانی لیبیا لە ڕۆژهەڵات و سەرۆکی حکومەتی یەکگرتنی نیشتمانی لە ڕۆژئاوا پاڵپشتی دەکرێن، ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی بووەتەوە.