سەنعا: ئەمریکا هەوڵ بۆ هەڵایساندنی ئاگری شەڕ لە جیهانی عەرەب دەدات
پەرلەمانی یەمەن ئامانجی ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر کەشتییە یەمەنەکانی بڵاوکردنەوەی شەڕ و ئاژاوە لە جیهانی عەرەبی و پشتیوانی لە جەنایەتەکانی زایۆنییەکان لە درێژەی قەڵاچۆکرانی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین ڕاگەیاند.
پەرلەمانی یەمەن ڕۆژی دووشەممە لە کاردانەوە بە شەهیدبوونی دە ئەفسەری هێزی دەریایی ئەم وڵاتە بەهۆی هێرشی هێزی سەربازیی ئەمریکاوە، پێیداگرت: بە ئامادەبوونی هێزی دەریایی ئەمریکا، ئینگلیز و هاوپەیمانەکانیان لە ئاوە ناوچەییەکانی یەمەن، وەک دوژمن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
پەرلەمانی یەمەن بە ئیدانەکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی یەمەنی، وتی: ئەمریکا بە پەلاماردانی کەشتییە یەمەنییەکان لەدووی بڵاوکردنەوەی شەڕ و ئاژاوە لە جیهانی عەرەبییە تا لەم ڕێگایەوە پشتیوانی بکات لە قەڵاچۆکرانی دڕندانەی دژی گەلی ستەملێکراوی فەلەستین.
پەرلەمانی یەمەن ڕاشیگەیاند: چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لە سەر ئاسایشی گواستنەوەی دەریایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەربۆیە یەمەن و هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە مافی خۆیانە سەروەری و ئاوەکانی خۆیان لە بەرامبەر مەترسییە دەرەکییەکاندا بپارێزن.
پەرلەمانی یەمەن داوای لە خەڵکی ئەم وڵاتە کرد، بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئینگلیز کە مەترسین لە سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە، یەکدەنگ و یەکگرتوو بن و خۆیان بەهێز بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژکاران. پەرلەمانی یەمەن هەروەها داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کرد کە بەرامبەر بە دەستدرێژی و گەمارۆدرانی زاڵمانەی گەلی فەلەستین ، ئەرک و ئەستۆگریی ئینسانی، ئایینی و ئەخلاقی خۆیان بەجێ بێنن. بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی نۆجەبای عێراقیش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشیی شەهیدبوونی ژمارێک خەباتکارانی یەمەنی کرد لە هێرشی هێزی ئەمریکاییدا و ئەو هەڵمەتە سەربازییەی ئەمریکای شەرمەزار کرد.