هەڵمەتی بە خۆفڕو ڕاکێتی بەربڵاوی حیزبوڵڵا بۆسەر دەڤەری جەلیل و چەند بنکەیەکی ئەرتەشی ڕژیمی زایۆنیستی
سەرچاوە هەواڵدەریەکان ڕایانگەیاند کە حیزبوڵڵای لوبنان هەڵی کوتاوەتە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی دەڤەری جەلیل هەڵکەوتوو لە باکوری خاکی داگیرکراو.
کەناڵی مەیادین لەو پەیوەندیەدا ڕایگەیاند کە ئاژیری مەترسی و وریاییدان لەناوچەیەکی بەربڵاوی جەلیل وەدەنگ هات و ڕۆژنامەی زایۆنیستی "یسرائیل هیوم"یش لەو پەیوەندیەدا نوسی کە تەقینەوەیەک لە حەیفاو کەنداوەکەی ڕوی داوە.
میدیا عیبریەکانیش ڕایانگەیاند کە چەندین تەقینەوە لە جەلیلی ڕۆژئاوایی لەئاکامی چەندین خۆفڕی لە لوبنانەوە ڕویان داوەو چەند ڕاکێتی خۆڕاگری لوبنانیش لە شارۆچکەی شلۆمی نێو خاکی داگیرکراو دراوە.
حیزبوڵڵای لوبنان "یش ڕایگەیاند کە بە چەکی شیاو بینایەکیان لە شلۆمی کە چەکدارانی زایۆنیست کەڵکیان لێوەردەگرت بەشیوەیەکی وردو ڕاستەوخۆ کردۆتە ئامانج و دوو بنکەی ڕویسە قەڕن و شەبعاو سماقەشیان لە تەپۆڵکە داگیرکراوەکانی کەفەرشوبا کوتاوە.
خۆڕاگری ئیسلامی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەش دا ڕایگەیاند کە بەهۆی ئیسکادرانێکی خۆفڕی هێرشبەری چەکدار هەڵی کوتاوەتە سەر گوردانی ٤١١ی تۆپخانەی ئەرتەشی دوژمن لە جەعەتون"ی باکوری خاکی داگیرکراو.