ته‌مووز 07, 2024 10:11 Asia/Tehran

سەید حەسەن نەسروڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە مەسعوود پزشکیان کرد بە بۆنەی هەڵبژێردرانی وەکوو سەرۆک کۆماری ئێران.

سەید حەسەن نەسروڵا نووسی: ئەم هەڵبژاردنە پیرۆزە لە لایەن گەلی ئازیز و شەریفی ئێرانەوە لە ئێوە پیرۆزبایی دەکەم و داوا لە خوای تاکانە دەکەم پشتیوان و یارمەتیدەریت بێ و لە ڕێگای هێنانەدیی هیوا و ئاواتەکانی ئەم گەلە فیداکار و ئەمەگدارە سەرکەوتوو و سەربەرزت بکات.

سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان وتیشی: ئێمە کە لە حیزبوڵا و هەموو بزووتنەوە خۆڕاگرییەکانی دیکەوە وەک پارچەیەک لە گەلانی ناوچەکە ساڵانێکی دوورو درێژە کە خەباتێکی بێسنوورمان دژ بە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی و زاڵیتیخوازیی ئەمریکا دەست پێ کردووە، وەک پشتیوانێکی بەهێز، پاوەجێ و هەمیشەیی بۆ خۆڕاگران و مەزڵوومان چاو لە کۆماری ئیسلامی دەکەین. ئەم پرۆسەیە لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە ڕیبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە)ـەوە و پاشان لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵوهولعوزما ئیمام خامەنەیی و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر بەردەوام بووە.

سەید حەسەن نەسروڵا جەختیشی کرد کە ئێمە هاوڕێ لەگەڵ ئێوە ئەم ڕێگایە درێژە پێ دەدەین هەتا گەیشتنە سەرکەوتنی یەکجاری کە کۆڵەکە سەرەکییەکەی ئێرانی ئیسلامیی بەهێز، سەربەرز و خاوەن دەسەڵات دەبێ. داوا لە خوای مەتەعال دەکەم کە هێز و تەندرووستی بە ئێوە ببەخشێ و بە دەستی ئێوە ئەوەی بێتە دی کە دڵی ئیمانداران و کەسانی زوڵملێکراو و بندەستخراو شاد دەکات. 

سەرپەیڤ