ئاب 26, 2024 11:25 Asia/Tehran

دوابەدوای هەڵمەتی سەرکەوتووانەی تۆڵەی حیزبوڵا بە هاویژرانی سەدان مووشەک و درۆنی جەنگی ڕەوشی نائاسایی لە فەلەستینی داگیرکراو ڕاگەیەندرا و هەموو پەناگە و حەشارگە گشتییەکان کراونەوە و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن تەواو پەکی کەوت و تاقیکارییەکانی زانکۆی حەیفایش هەڵوەشانەوە.

میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی ڕایانگەیاندووە کە کۆمپانیا بیانییەکان دەیان گەشتی خۆیان بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن راگرتووە. ژێدەرە زایۆنییەکان دەڵێن کە پەنجا گەشتی ئاسمانی بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن هەڵوەشاونەتەوە.

دوابەدوای هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حیزبوڵا بۆ سەر باکووری فەلەستینی داگیرکراو، ڕژێمی زایۆنی حاڵەتی ئامادەباشی لە فەلەستینی داگیرکراو گەیاندۆتە بانترین ئاستی خۆی. بەرەی ناخۆیی ڕژێمی زایۆنیش کۆبوونەوەی زیاتر لە سی کەس لە ناوچە باکوورییەکانی قەدەغە کردووە. دوابەدوای هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەی حیزبوڵای لوبنان، زانکۆی حەیفایش هەموو چالاکیی وانە و خوێندن و تەنانەت تاقیکارییەکانی خوێندکارەکانی ڕاگرت.

میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی دانیان ناوە بەوەیدا کە حیزبوڵای لوبنان لە هەڵمەتەکەیدا، ناوەندەکانی مووساد، شاباک و هەواڵگریی سەربازیی ئەم ڕژێمە لە تلاڤیڤی پێکاوە. هەواڵدەریی عبریزمانی "والا"ـیش رایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنی خەریکە خۆی ئامادە دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانەوە دەکرێنە سەری نەک هەر لە لوبنانەوە. میدیا ئیسراییلییەکان جەختیان کردووە کە حیزبوڵا خۆی ئامادە دەکات بۆ هاویشتنی نزیکەی هەزار مووشەک بۆ نێو خاکی فەلەستینی داگیرکراو. 

سەرپەیڤ