پێکرانی کەرەستە سیخوڕییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە لایەن حیزبوڵاوە
بزووتنەوەی حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند کە هێرشی کردۆتە سەر کەرەستە و ئامێرە سیخوڕییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە دوو بنکەی سەربازیی ئەم ڕژێمەدا.
بزووتنەوەی حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ خەباتکارانی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاراستەی پاڵپشتی کردنی گەلی خۆڕاگری فەلەستین لە کەرتی غەززە و لە پێناو پشتیوانی کردنی خۆڕاگریی قارەمان و جوامێریان، کەرەستە و ئامێرە سیخوڕییەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنییان لە بنکەی سەربازیی ئەراهیب "ی ئەم ڕژێمەدا لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو تیابردووە. لە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی حیزبوڵادا هاتوە؛ خەباتکارانی خۆڕاگری هەروەها کەرەستە و ئامێرەکانی سیخوڕیی ڕژێمی ئیسراییلیان لە بنکەی سەربازیی "ئەلجەرداح"یش تیابردووە.
بە دەسپێبوونی ئۆپەراسیۆنی "باهۆزی ئەقسا" لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگریی فەلەستینەوە، حیزبوڵای لوبنان بە مەبەستی مژووڵ و سەرقاڵکردنی بەشێکی زۆری هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە باکووی فەلەستینی داگیرکراو و دابەزینی گوشار لەسەر خۆڕاگری لە غەززە، دەستی داوەتە ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هەمووڕۆژە و قورس دژ بە بنکە و مەتەرێز و مۆڵگە و کەرەستە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی لە نێو خاکی فەلەستینی داگیرکراودا.
لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی حیزبوڵاوە لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو، ژمارێکی زۆر لە شارۆچکەنشینانی زایۆنی لەم ناوچەیەدا ناچار بە چۆڵکردنی ناوچەکە و بەجێهێشتنی ماڵەکانیان بوونە و بە پێی ڕاپۆرتی میدیا زایۆنییەکان، زۆربەی ئەوانەیش کە هێشتا لە باکوور ماونەتەوە، تووشی کێشە و گرفتی دەروونی بوونە.