شێخ نەعیم قاسم: پرسی چەکداماڵینی خۆڕاگری پیلانێکی زایۆنییە
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند: چەکداماڵینی خۆڕاگری پیلانێکی ڕژێمی زایۆنییە بۆ پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان لە هەموو ئاستێکدا.
شێخ نەعیم قاسم، چەکداماڵینی خۆڕاگریی بە "پیلانێکی ئیسرائیلی" و بەشێک لە پڕۆژەی لاوازکردن و لەناوبردنی دەسەڵاتی لوبنانی وەسف کرد و وتی: ئامانجی ئەم پیلانەش بنەبڕکردنی خۆڕاگرییە و هەروەها بوار خۆشکردنە بۆ داگیرکردن و لکاندنی پارچەگەلێکی خاکی لوبنان بە فەلەستینی داگیرکراوەوە.
ناوبراو پێیداگرت کە بوونی خۆڕاگری ڕێگری کردووە لە داگیرکرانی خاکی لوبنان لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە و لەئاکامیشدا ئەم ڕژێمە هەر لەبەر چالاکبوونی خۆڕاگری و حکومەت و خەڵکی لوبنان ناچار دەبێت خاکی ئەم وڵاتە بەجێبهێڵێت.
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتیشی: خۆڕاگری پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربڕ، بەڵام دوژمنی زایۆنی بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی و پەلامارە ئاسمانییەکانی. شێخ نەعیم قاسم وتیشی: ئێمە دەوەستین و بەرخۆدان دەکەین و ئامانجەکانیشمان دێنینە دی.
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان پێیداگرت: بە سەرنجدانی ئەوەی کە دوژمنی زایۆنی پابەند نەبووە بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربڕەکە، کەوایە نابێت چاوەڕوانی ئەوە لە لوبنان بکرێت کە پابەند بمێنێت. دوژمن هەرگیز ناتوانێت ڕێگری لە پێشڕەویی خەباتکارانی خۆڕاگری بکات و باشووری لوبنان باشترین بەڵگەی سەلمێنەری ئەم بانگەشەیە. سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە لوبنان بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنییەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و کەوتۆتە ناوەڕاستی گەردەلوولێکی مەتریسدار. زاڵبوونی ئەمریکایش بەسەر بەشێک لە ئابووریی لوبنان باروودۆخی ئەو وڵاتەی خراپتر کردووە.