درێژەی تاوانکاریی رژێمی زایۆنی لە غەززە
سوپای رژێمی زایۆنیستی هاوکات لەگەڵ دانانی بەرتەسکیی قورس لەبەردەم هاتووچۆی فەلەستینیان لە دەروازەی ڕەفەح، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە- ناوچە جۆربەجۆرەکان لە کەرتی غەززەی داوەتە بەرپەلاماری چڕی ئاسمانی و تۆپخانەیی خۆی.
تۆپباران و بوردومانی بێ ئامانجی زایۆنییەکان بۆسەر گەڕەکەکانی توفاح، شوجاعیەو زەیتون لە شاری غەززە ئەنجامی گرتووەو تەنیا لە گەڕەکی زەیتون، حەوت کەس لەوان کۆرپەیەک شەهید بوون. هەروەها لە هێرشێکی دیکەی سەر خێوەتی ئاوارەکان لە ناوچەی "قیزان ڕەشوان" لە باشوری خان یونس، سێ فەلەستینی لەوان منداڵێک شەهید بوون. بەرلەوەش، تۆپخانەی سوپای رژێمی زایۆنیستی، ئەو ناوچانەو چەند شوێنی دیکەی دەورووبەری تۆپباران کردبوو کە بەهۆیەوە ژمارێک هاووڵاتیی فەلەستینی شەهید بوون. لە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی شاری غەززەش تۆپخانەی سوپای رژێمی زایۆنیستی چەند بیناو خانووبەرەی لە شەقامی "یافا" لە گەڕەکی توفاح و لە دەورووبەری نەخۆشخانەی "ئەددەورە" لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، تۆپباران کردبوو. تائێستا ١٨ فەلەستینی لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی غەززە شەهیدبوون کە چواردە کەسیان لە شاری غەززە بوون. سەرچاوە فەلەستینیەکانیش باسی کۆمەڵکوژیی دڕندانەی تازەی سوپای زایۆنیان کرد لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی غەززەو ڕایانگەیاندووە کە داگیرکەران ڕاستەوخۆ هەڵیانکوتاوەتەسەر ماڵ و خانووبەرەی خەڵکی سیڤیل و خێوەتی ئاوارەکان. هاوکات لەگەڵ ئەو دڕندەکارییانە، سوپای داگیرکەر ئەمڕۆ گوێزرانەوەی نەخۆشانی کەرتی غەززە لە ڕێی دەروازەی سنوریی رەفەحی دوو رۆژ دوای کرانەوەی کاتیی ئەو تێپەڕگەیە، قەدەغە کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە زەخت و گوشاری جیهانی بۆ ڕاگرتنی تاوانکاریی داگیرکەران دژی فەلەستینیەکانیش، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.