ڕوانگەی هزرمەندانی گەورەی جیهان لەمەڕ ئینقلابی ئیسلامیی ئێران
ئیبقلابی ئیسلامیی ئێران بێگومان یەکێک بووە لە ڕووداوە هەرە گەورەکانی جیهانی هاوچەرخ
ئیبقلابی ئیسلامیی ئێران بێگومان یەکێک بووە لە ڕووداوە هەرە گەورەکانی جیهانی هاوچەرخ! سەبارەت بە ئینقلابی ئیسلامی، ئەو شتەی وا زیاتر لە هەر شتێک بیر و زەینی کەڵەپیاوان و هزرمەندانی جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو ئینقلابە گەورەیە بوو. ئەوان لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیاندا بەجاران ستایشی ئینقلابی ئیسلامییان کردووە و هەڵبەت بڕێکی دیکەشیان نەیانتوانیوە بە باشی لەلایەنەکانی تێبگەن و شی بکەنەوە. تەنانەت ئەوانەی وا لە ڕیزی نەیارانی ئەو ئینقلابەشدا بوون، هەر نەیانتوانی دان نەنێن بە گەورەیی و شکۆیدا.
سەرکەوتنی نەتەوەیێک بە بێ چەکوچۆڵ و بە دەستی بەتاڵ لەسەر حکوومەتێک کە خاوەنی باشترین چەکەمەنی ڕۆژی دونیا بوو و زلهێزێکی وەکوو ئەمریکا بە هەموو هەست ونەستیەوە پاڵپشتی لێدەکرد، ئەم بابەتەی خۆی لەخۆیدا کردووەتە هۆی سەرسوڕمانی هەمووو بیرمەندانی دونیا.
دکتۆر فوسبێری قەشە و سەرۆکی زانکۆی کاسۆلیکەکانی ئەمریکای لاتین ڕای وایە کە: ئیمام خومەینی بە دەکارهێنانی ڕیشەکانی فەرهەنگی ئیسلامی بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیێکی مێژوویی لە نێوان گەلەکەی خۆیدا. ئەو توانی بە ئینقلابێکی ئایینی سیاسی، جموجووڵێکی گەورە لە وڵاتانی ئیسلامیدا وەدی بێنێ، ئەو رێگایێکی لەبەردەم ئێمەدا کردەوە کە گرینگترین پەیامەکەی، گەیشتنەوەی دووبارە بە مەعنەویەت و هێزی خودایی و بڕوا بە خودا بوو لە نێوان خەڵکدا. ئیمام بە دیاریکردنی ئەو ڕێگایە، بووە هۆی ئاگادار کردنەوەی ویژدانی مەعنەوەیی ڕۆژئاوا، ئەگەرچی میدیاکانی ڕۆژئاوا لە هەوڵی داپۆشان و شاردنەوەیدا بوون.
میشل فۆکۆی فیلەسۆف، مێژوونووس و بیرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسایی سەبارەت بە کەسایەتیی ئیمام خومەینی، ڕێبەری بێ وێنەی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، نووسیویەتی:" دەوری کەسایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی ئەفسانەئاسا بووە."
سەرەڕای بیرمەندان، سیاسەتوانان و ڕێبەرانی گەورەی جیهانیش سەبارەت بە ئینقلابی ئیسلامی بیروبۆچوونی سەرەنج ڕاکێشیان هەیە.
یەکێک لەوانە ڕیچارد نیکسۆنە کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و لە نەیارانی ئینقلابی ئیسلامی بووە، ئەو گوتوویەتی: " ئەوەی ئینقلابی ئیسلامی سەلماندوویەتی و بە دونیای ڕاگەیاندووە ئەمەیە کە ئیسلام شیاوەتی زاڵ بوونی هەیە بەسەر کۆمەڵگادا، چوونکە ئایینێکی ئاسمانییە. بۆیە کاری کردووەتە سەر وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و ئەو ئینقلابانەش وا لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ڕوویان داوە، جگە لە بەرهەمی داری ئینقلابی ئیسلامی، چیدی نییە!"
میخائیل گۆرباچۆفی ڕێبەری سۆڤیەتی پێشوو، سەبارەت بە ڕێبەر و بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویەتی: "ئیمام خومەینی واوەتر لە سەردەم بیری دەکردەوە و بەدەر بوو لە چەمکی شوێن! ئەو توانی کاریگەرییەکی گەورە دانێتە سەر مێژووی جیهان."
ئینقلابی ئیسلامیی ئێران بە ڕێبەرایەتیی ئیمامی کۆچکردوو ( ره) و حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، هیوای لە دڵی موسڵماناندا بووژاندەوە، بۆیە هێزێکی گەورە دەرکەوت و پاڵپشتی لێ کردن و بەردەوامیش هەر پاڵپشتی ڕاستەقینەیان بووە و دەشبێت!
حەزرەتی ئیمام (ره) بناغدانەری ئینقلابی ئیسلامی، لە وەسیەتنامەی سیاسی ئیلاهیی خۆیدا فەرموویەتی" بێگومان ئینقلابی ئیسلامیی ئێران جیاوازە لەگەڵ هەموو ئینقلابەکاندا. هەم لە سەرهەڵدانی و هەم لەبواری کوالیتی خەبات و ئامانجەکانی ئینقلاب و ڕاپەڕینەکەشی! گومان لەوەدانییە کە ئەوە دیارییەکی ئیلاهی و خەڵاتێکی غەیبی بووە کە لە لایان خودای گەورەوە بەخشراوە بە ئەم گەلە مەزڵومە و غەدرلێکراوە."