کانونی یه‌که‌م 10, 2019 11:50 Asia/Tehran
  • بەردەوامبوونی ناڕەزامەندیەکان لە فەڕەنسا؛ دەوڵەت لە هەوڵی چوونەدرە لە قەیرانە نوێێەکەی ئەو وڵاتە

بەردەوامبوونی ڕەخنە و ناڕەزامەندیەکان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ یاسای خانوونشینی و کەمکردنەوەی کارمەندانی دەوڵەتی له فەڕەنسا

لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕەخنە و ناڕەزامەندیەکان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ یاسای خانوونشینی و کەمکردنەوەی کارمەندانی دەوڵەتی، کۆبوونەوەی کابینە لەگەڵ ئیمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایە بەڕێوە دەچێت.

خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرانسەری تازە لە فەڕەنسا لەحاڵێکدا بەردەوامە کە دەگوترێ ئەو ناڕەزامەندیانە، لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بەربڵاوترینیان بووە. بە هەزاران کەس ناڕازی لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا بە ئامادە بوون لەسەر جاددە و کۆڵانەکان، هاتووچۆ و گواستنەوەی نێو شار و ڕێگا و بانیان بەرەوڕووی کێشە کردووەتەوە، زۆرێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانیش کە بەشداری ئەو ناڕەزامەندی دەربڕیانەن، بوونەتە هۆی داخرانی خوێندنگە و ناوەندە فێرکاریەکانی فەڕەنسا.

گۆڕانی ڕەوتی خانوونشین کران لەفەڕەنسا لە دوو دەیە لەمەو پێشەوە، بووەتە بابەتێکی هەستیار لەو وڵاتەدا. خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرانسەریەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە گەورەترین هەنگاو لەم پێناوەدا هەر لەساڵی 1995ی زایینەوە تاکوو ئێستا دەژمێردرێت. نەیاران ڕایان وایە پڕۆژە یاساکەی حکوومەتی مەکرۆن بۆ گۆڕینی سیستەمی خانوونشینی، بنپێ کرانی مافی کرێکارانە و دەبێتە هۆی هەژاری زیاتری خەڵکی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی چینی کرێکاران.

بە پێی ئەم پڕۆژە یاسایە، دەوڵەتی فەڕەنسا بەنیازە بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمبوونی بووجە، خەرج و تێچووەکانی دەوڵەت کەم کاتەوە. ئەم بابەتە پەرۆشی زۆرێک لە مامۆستایانی قوتابخانە و پەرەستیارانی لێ کەوتووەتەوە، هەر بۆیە یەکیەتی کرێکارانی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە مانگرتنی سەرانسەری بەردەوام دەکەن.

ڕەخنە و ناڕەزامەندی لە دژی حکوومەتی فەڕەنسا لە حاڵێکدا وەدی هاتووە کە ئەو وڵاتە لە ساڵێک لەمەو پێشەوە تاکوو ئێستا بەردەوام شوێنی خۆپیشاندانی بزووتنەوەیێکی ڕەخنەگرانە، ناسراو بە هێلەک زەردەکان بووە. هێلەک زەردەکان کە سەرەتا بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین لە حاند هەڵکشانی ئاستی باجی سەر سووتەمەنی هاتنە سەر شەقام و جاددەکان، ئەوە ئێستا چەند مانگە لەئاست گشت سیاسەتەکانی نیزامی سەرمایەداری لەفەڕەنسا و بەتایبەت هەنگاوە ئابووریەکانی حکوومەتی مەکرۆن، ڕەخنە و ناڕەزامەندیی خۆیان دەردەبڕن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بڕیارەکانی مەکرۆن بووەتە هۆی هەڵکشانی ئاستی مەودای نێوان چینەکان و نایەکسانی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا. هێلەک زەردەکان بە ڕاشکاوی دروشمی "مەکرۆن سەرۆک کۆماری دەوڵەمەندەکانە" بەرز دەکەنەوە.

مەکرۆن کە لە مانگی مای 2017 و لە ململانێ لەگەڵ لایەنی ڕاست بوو بە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، بەڵێنی چاکسازیی ئابووری بۆ باشتر کردنی ڕەوشی ژیانی لەو وڵاتەدابوو. بەڵام لە ڕوانگەی ناڕازیەکانەوە ئەو لەم بوارەدا سەرنەکەوتووە.

پێدەچێت ناڕەزامەندیەکانی ئێستاکە، دوایین تاقیکردنەوەی مەکرۆن بێت لە پاش چەند مانگان مانگرتنی بەردەوامی مامۆستایانی قوتابخانەکان، کارمەندانی خەستەخانەکان و پۆلیس و فەرمانبەرانی بنکەکانی ئاورکوژێنەوە و هەروەها خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکانیش!

کۆشکی ئەلیزە ڕایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە کاردانەوە بەرامبەر بە ناڕەزامەندیەکانی هاوپەیوەند بە چاکسازی لە بواری پرسی خانوونشینی" کاوەخۆ و شێلگیریشە". ڕۆژانی داهاتوو دەردەکەوێ کە سەرۆک کۆمارە گەنجەکەی فەڕەنسا، هەتا چەند پێی دەکرێ هێوری و بەبڕشت بوونی خۆی لە بەرامبەر ناڕازیەکان بپارێزێت!؟

 

سەرپەیڤ