هۆشداری بە پارتی دیموکڕاتی کوردستانی ئێراق
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڕڵمانی عێراق وتی: پارتی دیموکڕات مافی ئەوەی نییە خۆی لە رێککەوتنی یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان وەربدات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کورد پرێس :سروە عەبدولواحید نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڕڵمانی عێراق لە کاردانەوە بە ڕەخنەکانی پارتی دیموکڕاتی کوردستان بە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان وتی: رێککەوتنە واژۆکراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی پرسێکی تایبەتییە و مافی بەسەر پارتیەوە نییە.
سروە عەبدولواحید وتیشی: ئامانج لە واژۆ کرانی ئەو رێککەوتنامەیە دەستاودەست کردنی هێمنانەی دەسەڵات و پێشگرتن بە دەسبەسەرداگرتن و پاوان کردنی هێز و دەسەڵات لە لایەن کەس بۆ تاهەتایە.
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڕڵمانی عێراق وتی: لە ڕاگەیێندراوی پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق دا کە بە دژی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان نوسراوە جەخت کراوە لەسەر سەپاندنی ئیرادەی پارتی بەسەر پارتەکانی دیکە و پاوان کردنی دسەڵات کە ئەو کارێکی هەڵەیە.
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڕڵمانی عێراق هەروەها جەختی کرد لەسەر پێویستی هاوپشکی و شەراکەتی ڕاستەقینە لە نوێان پارتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق رێککەوتنەکەی ئەم دوایەی یەکێتی و گۆڕان بە کودتایەک لە دژی خۆی و بە دژی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی پێناسە دەکات.