بەرپەرچ درانەوەی پەلاماری داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەی "کەسەک"
فەرماندەری یەکینەی هەشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەرکانی هەڵمەتی دهۆک ، باسی لە بەرپەرچ درانەوەی پەلاماری داعشی کردووە بۆسەر بنکەی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەی کەسەک .
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کوردپرێس ، سەرهەنگ شەریف سەندی لە وتووێژێکی چاپەمەنیدا کوتی : هێزەکانی پێشمەرگە ، سەرلەبەیانیی سێشەممە توانیان پەلاماری ئەندامانی گروپی ڕەشەکوژیی داعش بۆسەر بنکەکانی خۆیان لە گوندی "جەمروود" لە بەرەی کەسەک بەرپەرچ بدەنەوە .
سەندی کوتیشی : ئەندامانی داعش لە کاتی دەسپێکی پەلامارەکەیانەوە توانیان تاکوو یەک کیلۆمیتریی بنکەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بچن ، بەڵام خەباتگێڕانی پێشمەرگە لە شەڕێکی دوو کاتژمێرەدا ، وێڕای بەرپەرچ دانەوەی ئەو پەلامارە ، ئەندامانی داعشیان ناچار کرد پاشەکشە بکەن .
سەندی وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئامارێکی ڕێک لە قەبارەی زیانەکانی ئەو شەڕە لەبەر دەست دا نییە ، کوتیشی هێزەکانی پێشمەرگە کوژراو و برینداریان نەبووە و تەنیا زیانی داراییان وێکەوتووە .