سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان پێداگری لەسەر سەردانی پارتی دەکات
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئیراق و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیارێکی تازە لە بەرامبەر پارتی دیموکراتیی کوردستان دەردەکەن و پارتیش ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوە.
محەممەد رەفعەت، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستانی ئیراق و کەسێکی نزیک لە بڕیارەکانی یەکێتی و گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “یەکێتی و گۆڕان بڕیاریان هەیە کە بە سەرکردایەتیی هاوبەش، سەردانی پارتی بکەن و بەشێوەی جیا لەگەڵ پارتی کۆنابنەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەیان تازە دراوە. دەشڵێت: “ئەگەر پارتی بەو بڕیارەوە پابەند نەبێت، ئەوا لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانی ئیراق قسە دەکەین، بۆ ئەوەی میکانیزمێکی دیکە بدۆزرێتەوە".
لە بەرامبەردا ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “پارتی پێشوازی لە سەرکردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی ناکات”.