بەرەی تورکمانی : هێزی پێشمەرگە ئێمەی لە دڕندەکاریی داعش پاراست
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستانی ئێراق ڕایدەگەیەنێت ، هێزەکانی پێشمەرگە ، تورکمانەکان و هۆزەکانی دیکەی کوردستانیان لە دڕندەکاریی تاقمی توندڕەوی داعش پاراست .
ئایدن مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستانی ئێراق ئاماژەی بە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا لە مانگی حوزەیرانی 2014 کرد و رایگەیاند ، هێزە عێراقییەکان نەیانتوانی تورکمانەکانی مووسڵ و شاری تەلەعفەر بپارێزن ، ”بۆیە گلەیی زۆرمان لێیان هەیە“.
ئایدن مەعروف ، کە رۆژی سێشەممە لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی ، پەرلەمانتاری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە سنووری مەخموور کرد ، وێڕای پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش نیشانداوە.
ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە ، وێڕای نیشاندانی رێز و خۆشەویستیی خۆی و تورکمانەکانی کوردستانی ئێراق بۆ پێشمەرگە ، ڕایگەیاندووە، ”سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەکەین، کە ئێمەی لە تیرۆریستانی داعش پاراست“.