هەرێم و ئێران: رێگری لە هەرهەوڵێک دەکەین ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەکانمان دروست بکات
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازی لە وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لەبارەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی سەر سنوری هەردوولا وتووێژیان کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی رەسمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە 29/6) نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و باسیان لە دوا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەگشتی و سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی کردوە.
لەوبارەیەشەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر کۆی رووداوەکانی ئەم دواییە دەربڕیوە.
هەردوولاش جەختیان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە پەیوەندییە دێرین و مێژوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزرێن و رێگری لەهەر هەوڵێکی دروستکردنی ئاستەنگ لەو پەیوەندیانەدا بکرێت.
هەروەها دوپاتیشیانکردۆتەوە پێویستە ئەو دیدارانە بەردەوامییان هەبێت بۆئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا رێگری لەو جۆرە روداوانە بکرێت و رێگە نەدرێت هیچ درزێک لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دروست بکرێت.