نێچیرڤان بارزانی: خۆشحاڵین بە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی تورکیا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق بەهۆی رووداوەکانی رۆژی هەینی لە تورکیا، پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کە خۆشحاڵە بە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی تورکیا.
شەوی هەینی، بەشێک لە سەرکردەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەکی سەربازیی بکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بهێنن، بەڵام کودەتایەکە شکستی هێنا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق لە پەیامەکەیدا، رایدەگەیەنێت، ”شکستخواردنی ئەو هەوڵە، دەسەڵات و حکوومەت و ئیرادەی گەلی تورکیا بەهێزتر دەکات“.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی کردن لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، پێیوایە ”یەکدەنگیی لایەنەکان و کەسایەتییەکانی تورکیا توانی شەرعیەتى دەسەڵات و تورکیا و ناوچەکەش لە ئاڵۆزییەکی گەورە بپارێزێت“.