یەکێتی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ دەست پێ دەکاتەوە
بەمەبەستی لێک نزیک کردنەوەی لایەنەکان، ھەفتەی داھاتوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی سەرجەم لایەنەکان دەکات و داوایان لێدەکات بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی کوردستان کێشەکانیان وەلاوەبنێن.
ساڵح فەقێ، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاگادارە کە بڕیارە گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێبکاتەوە، یەکێتی دەستپێشخەری کۆبوونەوەی فراوان دەکات بۆ ئەوەی وەک قۆناغی یەکەم ھەنگاو بۆ چارەسەری گرفتەکان بنرێت".ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، گوتیشی: "سەعدی ئەحمەد پیرە پێی گوتوین کە بەنیازین درێژە بەکۆبوونەوەکان بدەین و لەگەڵ لایەنەکان کۆببنەوە".بەپێی زانیاری (باسنیوز)، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاگاداری نوێنەری بارزانی کردوەتەوە بەوەی دەیەویت لایەنەکانی کوردستان لێک نزیک بکاتەوە، ئەوەش پێش کۆبوونەوەی فراوانی حزبەکان و بارزانی دەبێت.