بزووتنەوەی گۆڕان دیدار لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی مەرجدار کرد
بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی هەرێمی کوردستانی وەک مەرجی دیداری فەرمی لەگەڵ پارتی دیموکرات ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، محەممەد تۆفیق ڕەحیم لە دیمانەی لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی میللەتدا ڕاگەیاند کە بزووتنەوەی گۆڕان هەتا کاتێک کە دۆخی هەرێمی کورستان ئاسایی نەبێتەوەو کێشە و قەیرانەکان چارەسەر نەکرێن، لەگەڵ پارتی دیموکرات دیدار ناکات.
ناوبراو وتی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو ڕایەیە، چاوپێکەوتنی بەرپرسانی دوو پارتەکە لەبارودۆخی ئێستادا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لێ ناکەوێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی حەوتەی ڕابردوودا لەژێر ناوی نێردراوی تایبەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات لەگەڵ ریکخە ری بزووتنەوەی گۆڕان دیداری کردو خوازیاری بەڕێوەچوونی دانیشتن و وتووێژی نێوان پارتەکانی هەرێم بوو بەمەبەستی چارەسەریی ناکۆکی وکێشەکان .
پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکرات و بزووتنەوەی گۆڕان لەدە مانگی ڕابردوودا تێکچوو و پاش پێداگریی پارتی دیموکرات لەسەر مانەوەی مەسعوود بارزانی لەسەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی هەرێم و نەیارەتی توندی گۆڕان لەگەڵ ئەو پرسەدا، دوو پارتەکە کەلێنیان کەوتە نێوان و ناکۆکیان لێ پەیدا بوو وبە دەسپێکرانی خۆپیشاندانی ناڕەزامەندانە لەشارەکانی پارێزگای سلێمانی ، هێرش کرانەسەر نووسینگەکان و بیناو باڵەخانەکانی پارتی دیموکرات، ئەو ناکۆکییانە قووڵتر بوونەوەو پارتی دیموکرات، سەرۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان و لەسەروویانەوە نەوشیروان مستەفا ، بە بەرپرسی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان و هێرش بۆسەر نووسینگەکانیان دەزانێ وبۆیە، دەستی کرد بە دەرکردنی وەزیرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەو پێشی گرت بە درێژەی کارو چالاکیی سەرۆک پەرلەمان کە لەئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕانە.