فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش لەنێو مووسڵ تووشی داڕووخان بوونە
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی هه ریمی کوردستانی ئیر، ئاماژە بەوە دەکات کە داعش لەشاری مووسڵ ورەیان نەماوە و بەشێکیان لە دەشتی نەینەوا کشاونەتەوە و ڕۆژانەش خەڵکێکی زۆر لەژێر دەستی داعش بۆ ناو هێزی پێشمەرگە ڕادەکەن.
حەمید ئەفەندی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە محیوەری باشیک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوو زیاد لە ٦٠٠ هاووڵاتی لەژێر دەستی داعش ڕایان کردووە و خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە".ئەو فەرماندەیە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە: "لە دەورووبەری مووسڵ داعش کۆنتڕۆڵی لەدەست دەرچووە، ئەو خەڵکەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان، لە ڕەوشێکی خراپدان و تیرۆریستانی داعشیش لە دۆخێکی یەکجار خراپدان و ورەیان نەماوە، لە دەشتی نەینەوا ڕادەکەن بۆ سووریا و ناوشاری مووسڵ، ئەمەش وای کردووە دۆخی داعش لەشاری مووسڵ زۆر خراپ ببێت".فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی محیوەری باشیک، گوتیشی: "بەهۆی هێرشی فڕۆکەی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە زۆربەی ئەمیرەکانی داعش کوژراون، لەگەڵ ئەوەش بەشی هەرە زۆری چەکدارە بیانییەکانیان خێزانەکانیان دەگوازنەوە بۆ سووریا ئەمەش حاڵەتێکی دەروونی زۆر خراپ تووشی داعش کردووە، ئەو چەکدارانەی خەڵکی ناوچەکەن بیر لەوە دەکەنەوە بەچ شێوەیەک بتوانن خۆیان دەرباز بکەن و ڕێگایەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە سنووری پێشمەرگە".