قوتابخانه‌کانی گوله‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان داناخرێن
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i245911-قوتابخانه_کانی_گوله_ن_له_هه_رێمی_کوردستان_داناخرێن
وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ ده‌وامی قوتابخانه‌کانی گوله‌ن له‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و داناخرێن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 08, 2016 07:51 Asia/Tehran
  • قوتابخانه‌کانی گوله‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان داناخرێن

وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ ده‌وامی قوتابخانه‌کانی گوله‌ن له‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و داناخرێن.

به‌ پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری مێهر، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند که‌ قوتابخانه‌کانی جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ده‌وامیان به‌رده‌وام ده‌بێ.

ڕاشیگه‌یاند که‌ سیسته‌مێکی دیکە بۆ ئه‌م قوتابخانانه‌ داده‌نرێت و له ‌لایه‌ن که‌سانی دیکەوە‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بردرێن.

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ھیچ قوتابخانەیەک داناخرێت، بەڵام گۆڕانکاری دەکرێ لەسەر شێوازی بەرێوەچوونی کارەکانیان.

دوای کودەتاکەی تورکیا، حکوومەتی ئەو وڵاتە داوای لە بەشێک لە وڵاتانی جیھان کرد کە سەرجەم ئەو رێکخراو و قوتابخانانەی سەر بە فەتحوڵا گوڵەنن دابخەن، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمیش دەڵێت: حکوومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە ئێمە نەکردووە، بەڵام نیگەرانیی خۆشیان نەشاردۆتەوە.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌که، لە ھەرێمی کوردستانی ئێراق ۲۰ قوتابخانە و زانکۆیەکی سەر بە رەوتی خزمه‌تی فەتحوڵڵا گولەن ھەن و نزیکەی سێزدە ھەزار قوتابی تێیاندا دەخوێنن و ئەگەر نەخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردە، ئەگەری گواستنەوەیان بۆ سەر کەرتی تایبەت لە ئارادایە.