بارزانی: دەبێ ڕێککەوتنێکی وردو ڕوون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت
مەسعود بارزانی جەختی کردەوە لە سه ر پێویستی هەبوونی رێککەوتنێکی ووردو ڕوون لەسەر قۆناغی دوای داعش، بەئامانجی ئەوەی چیتر کارەسات دەرحەق بەپێکهاتەکانو بەتایبەت ئێزدیو مەسیحییەکان ڕوو نەدات.
ئەو هەڵوێستەی بارزانی لەکۆبوونەوەیەکدا هات، کە ڕۆژی شەممە لە سەڵاحەدین بەرێوەچوو لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی ئەمریکیو ئێراقی بەسەرۆکایەتی فاڵح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراقو برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لەهاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش.
بە پێی راپۆڕی ماڵپەڕی خەندان ،
لە کۆبوونەوەکەداو بەپێی سایتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی لە بارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ جەختی لەوە کردەوە "دەبێ ڕێککەوتنێکی ورد و ڕوون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێ لە پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی هەموو لایەک ژیانێکی تازە بنیات بنرێت و چیتر کارەسات دەرحەق پێکهاتەکان و بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەکان ڕوو نەدات".
هەروەها "ئاماژەیشی بەوەدا کە ئەو کارەساتو زوڵمەی لەلایەن داعشەوە بەرانبەر ئێزدیو مەسیحییەکان کراوە هەرگیز فەرامۆش ناکرێت".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا برێت مەکگۆرک "خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە شەڕی داعش و ئامادەکارییەکان بۆ ئازادکردنی موسڵ".
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەختی لەوەشکردەوە "پێویستە جگە لە لایەنی سەربازیی ئۆپڕاسیۆنی ئازادکردنی موسڵ تەرکیز بخرێتە سەر لایەنی مرۆیی و سیاسیی ئۆپڕاسیۆنەکە".
لەکۆبوونەوەکەدا وردەکاری و هەنگاوە گرنگەکان بۆ ئازادکردنی موسڵ و ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی دوای داعش، هەروەها ڕەهەندە جیاجیاکانی قۆناغی دوای داعش و هەستیاریی بارودۆخی نەینەوا و هێزە بەشداربووەکانی ئۆپڕاسیۆنەکە گفتوگۆی لەسەر کراوە.