کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری هەولێر بۆ موسڵ و ڕزگارکرانی١٢ئاوایی
هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی ئێراق پاش بەدەستەوە گرتنی کۆنترۆڵی چەند ئاوایی لە میحوەری خازر-گویر و جاددەی نێوان موسڵ و شارۆچکەی گویردەستیان کردووە بە شەڕی سەرشەقام لەگەڵ داعش.
ئۆپراسیۆنی سەربازی لە میحوەرەکانی باکوور، ڕۆژهەڵات و باشووری موسڵ، ئاڵقەی گەمارۆی داعش لەو شارەی تەنگتر کردووە کە پێشەکییەکە بۆ دەسپێکرانی ئۆپراسیۆنی چارەنووس سازی ڕزگارکرانی موسڵ.
هێزی پێشمەرگە ئێستا لە میحوەری ڕۆژهەڵات تەنیا ١٥ کیلۆمیتر لەگەڵ ناوەندی شاری موسڵ مەودای هەیەو ئەوەش پاش پێشڕەوی دوێنێ یەکشەممە ئەنجامی گرت لە ڕەوتی هەڵمەتی بەرفراوان بەهاوبەشیی هەزاران کەس لە هێزی پێشمەرگە، لەژێر چاوەدێری مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدوو میحوەری خازر وگویر بۆ ڕزگارکردنی ١٢ ئاوایی ستراتژیک لە ڕۆژهەڵات و باشووری موسڵ.
هێزەکانی پێشمەرگە، کۆتاییان هێنا بە گەڵاڵەکەیان سەبارەت بە سەندنەوەی ژمارێک ناوچە لە میحوەری خازر وگویر لەنزیک پارێزگای هەولێر بە سەندنەوەی ١٢ ئاوایی لە باشووری رۆژاوای ئەو پارێزگایە . بەچەشنێک کە توانیان بگەنە پردی ستراتژیکی گویر کە هەولێر دەلکێنێ بە دوو پارێزگای نەینەواو کەرکوک.
پەیامنێری سومرییەنیوزیش ڕاپۆری دا کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ١٨ کیلۆمیتری ناوەندی موسڵن.
لەو ئاراستەدا، سەرلەشکر سەید هەژار، یاریدەری فەرماندەی هێزی زێرەوانی(ناوی گرووپێکی تایبەت پێکهاتوو لە هێزە چەکدارەکان لە کوردستانی ئێراقە کە بەشێکی هێزی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێ)، وتی: تا ئێستا توانیومانە زۆربەی ناوچە دیاریکراوەکان بەگوێرەی نەخشە ڕزگار بکەین وهیچ ناوچەیەک کە جێی مەترسی بێ، نەمێنێتەوەو ورەی داعشیەکان دابەزیوەەو ناوچەکە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدایە.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، هێزەکانی داعش بە٢١ ئۆتۆمبیلی بۆمب ڕێژکراو پەلاماری هێزی پێشمەرگەیان دا بەڵام هێزی پێشمەرگەو فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دژە داعش ، ئەوانیان تێکشکاند.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی حکومەتی ئێراق کۆنترۆڵی بەشی زۆری ناوچەکانی شاری قیارە لە ٧٠کیلۆمیتری باشووری موسڵیان گرتەدەست.
سەرکردایەتی هاوبەش لە وەزارەتی بەرگریی ئێراق ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ویەکەی١٥ی سوپا توانیان وێستگەی گازی قیارە و دوو ئاوایی حەویجەو حەواسم ڕزگار بکەن.
هەروەها بەرپرسێکی ئاسایشیی ئێراق بەشەرقولئەوسەتی وت: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق بەزوویی ڕوو لە دانیشتووانی موسڵ وتار دەداو ئەو وتاردانە بەتەوەری ڕزگارکرانی موسڵ، بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک و پێداگریی لەسەر بەدەستەوە گرتنی کۆنترۆڵی شاری موسڵ لەلایەن خەڵکەوە پاش ڕزگارکرانی دەبێ.