پێشمه‌رگه له 5 لاوه له‌شه‌نگال هێرشی داعشی تێک شکاند
هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌میحوه‌ری شه‌نگال به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوای 3 کاتژمێر شه‌ڕکردن هێرشێکی فراوانی چه‌کدارانی داعشیان تێک شکاند که له 5 لاوه ئه‌نجامیاندا بۆسه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه.
چه‌کدارانی داعش چه‌ند ته‌رمێکیان لێ به‌جێ ماوه‌و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش ته‌نها چه‌ند بریندارێکیان هه‌یه‌و ته‌ندروستییان جێگیره‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه.
هێرشه‌که‌ی داعش کاتژمێر 4:25 خوله‌کی به‌ره‌به‌یان ده‌ستیپێکردوه‌و شه‌ڕه‌که ماوه‌ی سێ کاتژمێری خایاندووه‌و فڕۆکه‌کانی هاوپه‌یمانان، هاوکاری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یان کردووه.عه‌مید سمێ مه‌لا محه‌مه‌د جێگری فه‌رمانده‌ی شه‌نگال به ماڵپه ری خه‌ندانی ڕاگه‌یاند"داعش له میحوه‌ری شه‌نگال له قۆڵی دۆمیز، تل قه‌سه‌ب، گر عزێر، سینۆو ئوم شه‌باب هێرشیان کردووه‌و پێشمه‌رگه هه‌موو هێرشه‌کانی تێکشکاندوه.
به وته‌ی عه‌مید سمێ دووتهرمی داعش که‌وتونه‌ته ده‌ست هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگه هیچ شه‌هیدێکی نه‌بووه ته‌نها شه‌ش برینداریان هه‌بووه که به‌وته‌ی ئه‌و برینه‌کانیان جێی مه‌ترسی نین.
عه‌مید سمێ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌هێرشه‌که‌دا زیاتر له 300 چه‌کداری داعش به‌شدارییان کردووه.
هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ماوه‌ی 2 ساڵه به‌درێژایی سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش‌و له‌ته‌واوی میحوه‌ره‌کانی شه‌ڕ چه‌کدارانی داعشیان تێک شکاندووه‌و ناوچه‌کانیان کۆنتڕۆڵ کردووه .