وتەبێژی پارتی باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، ڕایدەگەیەنێت "دانانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی گۆڕان پەیوەندی بەو گفتوگۆیانەوە هەیە کە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لەگەڵ لایەنەکانی تر ئەنجامی دەدات".
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە"ماڵپەری دواڕۆژ"ی راگەیاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دانانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە هەنگاوی یەکەم وەک یەکەم تاقیکردنەوە شکستمان هێنا پرسی سەرۆکی پەرلەمانیش تایبەت نییە بەخودی کەسێکەوە، بەڵکوو خودی پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانەو پێویستە هەوڵبدەین کەش و هەوایەکی لێک تێگەیشتن بڕەخسێنین تا پەرلەمان دەست بەکاربێتەوە ، چونکە پەرلەمانەکانی تر بەشێک بوون لەچارەسەر ئەگەر چارەسەریشیان پێنەبووبێت هەوڵیان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، دانانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی گۆڕان پەیوەندی بەو گفتوگۆیانەوە هەیە کە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی بارزانی لەگەڵ لایەنەکانی تر ئەنجامی دەدات.
لەبارەی سەردانەکانی فوئاد حوسێن، بۆ لای لایەنە سیاسیەکان ئەو وتەبێژەی پارتی دەشڵێت"هەولێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو هەرێم، بەڵام هەوڵەکە بە نەرمی دەڕواتە پێشەوە هەر یەکە لە یەکێتی و گۆڕانیش لەسەر پرسی چارەسەرییەکان بۆچوونی خۆیان هەیە".ناوبراو لەسەر کوژرانی رۆژنامەنووسەکەی دهۆک، وتیشی "تیرۆرکردنی هەر کەسێک لەسەر هەر بیرو باوەڕێک بوبێت لای پارتی کارێکی خراپەو ئیدانەی دەکەین، تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووس وداد حسین پەیوەندی بەدام و دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە کە بکەری ئەم بابەتە بدۆزنەوەو بیدەنە دادگا تا بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن".