کوردستانی عێراق: لەو ناوچانەی رزگارمان کردوون ناکشێینەوە
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق جەختی کرد هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی رزگاریان کردوە یان لە داهاتوو دا رزگاری دەکەن پاشەکشە ناکەن.
سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کاردانەوە بە قسەکانی حەیدەر عەبادی وتی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە پێشڕەوییەکانی خۆیان.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ڕابردوو وتبووی: بە گوێرەی ڕێکەوتنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە پێویست نییە لە ماوەی هەڵمەتی رزگار کردنی موسڵ دا لە شوێنی خۆیان بجوڵێن یان پێشڕەوی بکەن و دەبێ لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە وتووێژێک دا لەگەڵ ڕووداو نێت وتی: هێزەکانی پێشمەرگە تا رزگاریی تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا بەردەوام دەبن لە پێشڕەوی خۆیان و لەو ناوچانەی کە رزگاریان کردوون یان لە داهاتو دا رزگاریان دەکەن پاشەکشە ناکەن.
هێزەکانی پێشمەرگە لە چەند رۆژی ڕابردوو دا توانیان بە درێژایی 20 کیلۆمەتر لە بەرەی خازر ، گوێڕ و مەخمور لە نێوان پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا بەرەو موسڵ پێشڕەویان کرد و 120 کیلۆمەتری چوار گۆشە و 13 گوندی ئەو دەڤەرەیان رزگار کرد.