خۆراکی مانگانەی 2033 خێزانی ئاوارەی چیای شنگال دابەش کرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، بەشە خۆراکی مانگانە بەسەر 2033 خێزانی ئاوارەی سەر چیای شەنگالدا دابەش کرد.
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوون و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بۆ ئاوارە و پەنابەران، ئەمڕۆ چوارشەممە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی WFP مانگانە خۆراکی ئاوارەکانیان دابین کرد.
هاوکات ئەمڕۆ بەشە خۆراکی مانگانەیان بەسەر 2033 خێزان لە کەمپی ئاوارە ئێزدییەکانی سەر چیای شنگالدا دابەش کرد، کە هەر پریاسکەیەکی 20 کیلۆگرام خۆراک بوو.
لەو بارەیەوە مووسا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاندووە: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی WFP مانگانە خۆراک و پێداویستیی خۆراکی بەسەر ئاوارەکان لە زۆربەی کەمپ و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکات".
جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پرۆگرامی خۆراکی کە زیاتر لە 75.398 خێزان لە کەمپی ئاوارەکان لە دابینکردنی بەشە خۆراکی مانگانە سودمەند دەبن".