هۆشداریی رێکخراوە ناحکومییەکان بە دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق
450 رێکخراوی ناحکومی هۆشداریان دا بە دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بابەت ئەگەری سەرهەڵدانی کاڕەساتێکی مرۆیی لە کاتی ئازاد کرانی موسڵ دا.
ئەو رێکخراوانە رۆژی چوارشەممە بەدەرکردنی ڕاگەیێندراوێک وتیان: پێویستە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی ئازاد کردنی موسڵ مافی مرۆڤ رەچاو کەن و بزانن خەڵکی موسڵ لە دوو ساڵی ڕابردوو دا زوڵم و زۆریان لێکراوە.
لە درێژەی ئەو ڕاگەیێندراوە دا هاتوە: لە تەواوی هێزەکان و ئەو لایەنانەی کە لە هەڵمەتی ئازاد کردنی موسڵ دا بەشداری دەکەن داواکارین بە گوێرەی یاساکانی ژنێڤ لەگەڵ دیلەکان و ئەو کەسانەی کە خۆیان بەدەستەوە دەدەن هەڵسوکەوت بکەن.
ئەو ڕاگەیێندراوە هەروەها خوازیاری ڕادەست کردنی دیلەکانی داعش بە 124 وڵاتی ئەندامی دادگای لاهەیە تا دادگای نێودەوڵەتی لاهە بڕیاریان لەسەر بدات.
ڕاگەیێندراوی ئەو رێکخراوانە داوای لە هێزەکانی پێشمەرگە کردوە مۆڵەت بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بدەن بۆ نوسینی ڕاپۆرتی مافی مرۆیی لە بەرەکانی جەنگ ئامادە بن.