دیداری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i249658-دیداری_سکرتێری_ئەنجومەنی_باڵای_ئاسایشی_نیشتمانیی_ئێران_لەگەڵ_ڕاوێژکاری_ئاسایشی_نیشتمانی_هیندستان
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستان پێیان داگرت لەسەر ئیرادەی جیددی دوو وڵات بۆ پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵی، ناوچەیی و جیهانییەکان.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 27, 2016 11:45 Asia/Tehran
  • دیداری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستان

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستان پێیان داگرت لەسەر ئیرادەی جیددی دوو وڵات بۆ پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵی، ناوچەیی و جیهانییەکان.

بە پێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەمڕۆ شەممە لەدیدار لەگەڵ ئەجیت دوال ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستان لە دێهلی نوێ بەئاماژە بە مەترسیی توندڕەویی خوازی و تیرۆریزمی تەکفیری لەناوچەدا وتی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و وڵاتانی لایەنگری، گرینگترین ئەرکی کۆمەڵگای جیهانی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەڕاگەیاندنی ئامادەیی  تاران بۆ پەرەی هاوکارییەکان لەگەڵ دێهلی نوێ لەپێناو چەسپاندنی سەقام و ئاسایش لە ئەفغانستان، وتی: بوژاندنەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییە بەرگرییەکان لەچوارچێوەی نوێ وبەرفراواندا، هەلێکی شیاوە بۆ پەرەی پەیوەندییەکانی بواری سەربازی وبەرەڤانی دوو وڵات.

شەمخانی وتی: ناڕەزایەتی هەندێ دەسەڵاتی ناوچەیی و جیهانی لەمەڕ پەیوەندیی نزیک و سازندەی ئێران وهیندستان، پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی فەکتەرە پێشگرانەکان لەپەیوەندییە بەرامبەرەکاندا، نامومکین کردووە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەروەها وتی: چالاکسازی توانای بەرفراوانی بەندەری چابەهار، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، هێمایەکە لە هاوکاریی ئابووریی سازندەی نێوان وڵاتانی هۆگری سەرمایەنانەوە لە ناوچەو دەتوانێ تەوەرێکی کاریگەر بێ بۆ هاوکارییە سیاسی، ئاسایشی و ئابوورییەکانی وڵاتانی ناوچە.

ئەجیت دووال ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هیندستانیش لەو چاوپێکەوتنەدا بەئاماژە بە گرینگایەتی پێوشوێن گرتنی ڕێککەوتنەکانی سەفەری سەرۆک وەزیرانی هیندستان بۆ ئێران، وتی: بەسەرنجدان بەو پتانسێلانەی لەمەڕ هاوکاری سایبێری لەنێوان دوو وڵاتدا هەیە، دێهلی نوێ ئامادەی دانانی بناغەی پەیوەندیی ستراتژیک لەو بوارەدا لەگەڵ تارانە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی هیندستان بەپێداگری لەسەر پێشوازی حکومەتی ئەو وڵاتە لە بەهێزکرانی دانوستانە ستراتژیکییەکان لەنێوان ئێران، هیندستان ، چین و ڕووسیا سەبارەت بە پرسی ئاسایشی، سیاسی و ئابووریی، پێی داگرت؛ بوژاندنەوەی لیژنەی هاوکاریی هاوبەشی بەرەڤانی، بارودۆخ بۆ دەس پێ کرانی وتووێژە نوێیەکان لەو بوارەدا ئامادە دەکات.