پارتە کوردییەکان دوای ھەڵبژاردنی عێراق بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وتووێژی دەکەن
نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق پێی داگرتووە:پارتە کوردییەکان دوای ھەڵبژاردن سەبارەت بە گۆڕینی شێوازی پۆستە سەرەکییەکان پێکەوە وتووێژ دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، زانا سەعید نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: پارتە کوردییەکان دوای بەڕێوە چوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ١٢ی مای داھاتوو (٢٢ی بانەمەڕ) بۆ گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆک کۆمارەتی و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە نێوان کوردو سوننە وتووێژ دەکەن.
ناوبراو پێی داگرت کە یاسای بنەڕەتیی عێراق ڕێگر نییە لە بەردەم گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان لە عێراق دا. زانا سەعید وتووشیەتی: کۆتلە کوردییەکان دەرکەی وتووێژ لەم پەیوەندیەدا دەخەنە سەرپشت ھەتا لە باتی پۆستی سەرۆک کۆماری ، پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەربگرن. بە قسەی ناوبراو ئەمە پێشنیاری لایەنە سوننەکانە کە ھۆگری بە ئەستۆگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارەتین، چونکو لەو باوەڕەدان کە عێراق وڵاتێکی عەرەبییەو عەرەبێک دەبێ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بکات. ئینجا لە ڕوانگەی کوردیشەوە بەئەستۆگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە پۆستی سەرۆک کۆمارەتییەک کە ھیچ دەستەڵاتێکی نییە باشترە. یاسای بنەڕەتیی عێراقیش ڕێگر نییە لە بەردەم وەھا بابەتێکدا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی عێراق نەیاری ئەم پێشنیارەیەو دەڵێت کورد لە پۆستی سەرۆک کۆمارەتی ناکشێتەوە.
لە کاتی ڕوخانی سەددامەوە ھەتاکو ئێستا کورد بەردەوام پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراقی بە ئەستۆ بووە کە ھێمای ھەڵکەوتەی ئەم پۆستە گرینگەش جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆچکردووی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق بوو. لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی دا عێراق دابەزینی ڕادەی ناکۆکیی ئەتنیکی و ئایینیی لە ئاستی جۆربەجۆری سیاسی دا بە خۆیەوە دەبینی . لە خولی سێھەمیش دا فۆئاد مەعسوم سەربە ھەمان لایەن بە نوێنەرایەتیی کوردەکانی عێراق ئەم پۆستەی گرتە ئەستۆ.
لەم بارەیەوە ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق لەم خولەی ئێستای پەرلەماندا بە میدیاکانی وتووە: وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارەتی بۆ کورد لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرینگترە، چونکو پۆستی سەرۆک کۆمارەتی پۆستێکی ھێمایانەو سیمبۆلیکەو دەربڕی ئامادە بوونی کوردە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا.