وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر
ئێوارەی دوێنێ یەکشەمە 16ی ئەیلوول، ئۆرسۆلا ڤۆن دەر لاین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتە هەولێر.
بەپێی راپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەریم ، ئامانجی سەردانەکەی بۆ کۆبوونەوە بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی ئەفسەران و راهێنەرانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە هەرێمی کوردستانن.
هاوکات وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، دوێنێ سەردانی تاجی کرد، کە 30 کیلۆمەتر لە باکوری بەغدایە و ڕایگەیاند، شەڕی داعش برینێکی سەختی لە سەر جەستەی عێراق بەجێهێشتووە، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی نەهێڵێن جارێکی تر ئەو رێکخراوە لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام هاوکاری هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات و لەماوەی ڕابردوویش چەندان مەشق و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە کردووە، ئێستە نزیکەی 125 ئەفسەر و راهێنەری ئەڵمانی لە عێراق هەن و لەو ژمارەیەش بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن.
ڤۆن دەر لاین، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە چەندان جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دواین سەردانی لە 11ی شوبات ئەنجامدا کە نەخۆشخانەیەکی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە.