٦٥ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێردا خەریکی چالاکی نواندنن
سەرباری قەدەغەکردنی چالاکی نواندنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق کەچی ھێشتا ٦٥ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێردا خەریکی چالاکی نواندنن.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە سەرچاوەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق سەرباری ئەوەی کە ھەتا ئێستا چەندین بڕیار بۆ قەدەغەکردنی چالاکی نواندنی پاڵاوگە نایاساییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەرچووە کەچی لە کۆی ١٢٤ پاڵاوگە، تا ئێستا ٦٥ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێردا ماون و کارەکانیان بەردەوامە و بازرگانی بە سووتەمەنییەوە دەکەن.
لەم پەیوەندییەدا بەرپرسانی ئیداریی هەولێر لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان. لیژنەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم دایەو بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش جەختی لەوە کردووەتەوە کە چاوپۆشی لە هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی ناکەن و، بەردەوامن لە داخستنی پاڵاوگەکان لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
بەپێی سەردان و بەدواداچوونەکانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، پاڵاوگەکان مەرجی یاسایی و ژینگەیی و تەندروستییان نییە و دەبێت دابخرێن و، لە ڕێگەی لیژنەیەکی ئەنجومەنەکەشەوە هاوکاریی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ داخستنی پاڵاوگەکان.
جێگای ئاماژەیە پێشتر لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا نزیکەی ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون، کە ١٢٤ پاڵاوگەیان لە هەولێر و ٣٧یان لە دهۆک و ٢٩یان لە سلێمانی بوون، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەشێکیانی داخستووە و هەوڵەکانیشی بەردەوامە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی دیکە.