سۆران عومەر: گەڕاوینەتەوە ساڵی 1991، سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ، مس و فافۆن
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی ئێراق پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئێراق دەکات و وشداریان دەداتێ لەوەی، "هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە ساڵی 1991، سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ، مس و فافۆن".
سۆران عومەر، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لەپەیامێکدا بۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوسیویەتی، "دڵنیام لە من باشتر دەزانن چی لە مەرزەکان دەگوزەرێ، دەزانن گەڕاوینەتەوە ساڵی 1991 سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ و مس و فافۆن.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەکانمان بانگێشتی پەرلەمان کردوە، دەڵێن ئێستا بە بازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکەو دوگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کە تێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەوە .
سۆران عومەر باسی لەوەشکردوە، ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکەو دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیەو دەسەڵاتدارە، باشیش دەزانن براو ئامۆزای کێن، دەزانن ھەمو شەو و رۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە 40 ئۆتۆمبێل بارھەڵگر ھێلکەو دوگە داخڵ دەکرێ بۆ ناوخۆ و خواروی عێراق.ئەو پەرلەمانتارە رونیکردوەتەوە، بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە 11 ھەزار دۆلارو بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ 30 ھەزار دۆلار وەردەگرن، دەشلێت شەوانە نزیک بە 500 ھەزار دۆلار وەردەگرن بۆ داخڵ کردنی ھێلکەو دوگ.
ئەوەشی خستوەتەڕو، تەنھا لەمانگی هەشتی ئەمساڵ 1213 بەرھەڵگری ھێلکەیان داخڵ کردوە کە 13 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە، تەنھا لە 1-12-2019 ەوە تا ئەمڕۆ 283 بارھەڵگر ھێلکەیان داخڵ کردووە، ئەم جەردەییە لە سنوورەکانی دیکەش وەک ئیبراھیم خەلیل و حاجی عۆمەران بوونی ھەیە بەناو و شێوازی جۆراوجۆر.